مامۆستایانی زانکۆ: حكوومەت دەمی ئەو ڕەخنەگرانەی بەست کە بەردەوام دەیانگوت شەفافیەت

هەولێر -KDP.info- كۆمپانیای دیلۆیت، وردبینی لە پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكات؛ مامۆستایانی زانكۆیش ئاماژە بەوە دەكەن، حكوومەت دەمی ڕەخنەگرانی گرت، هیچ كەس و لایەنێك لێرە بە دواوە ناتوانێت بڵێت پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم شەفاف نییە.
د. (عەبدولڕەحمان حاجی) مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "كۆمپانیای دیلۆیت، بەپێی داتا بڵاوكراوەكان گەورەترین كۆمپانیای جیهانە لە بواری ژمێریاری و وردبینیدا؛ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هێنانی ئەو كۆمپانیایە، دەیەوێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە ڕەخنەی زۆری لێ دەگیرێت لە ناشەفافی لە كەرتی نەوت متمانە بەدەست بهێنێت، لەگەڵ ئەوەی دەمی ڕەخنەگرانی گرت، هیچ كەس و لایەنێك لێرە بە دواوە ناتوانێت بڵێت پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم شەفاف نییە."
گوتیشی: "بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، لایەنە سیاسییەكان هاوكاریی حكوومەت بكەن، با دەوڵەت ڕزگاری ببێت و خزمەتی هاووڵاتیان بكات. با لە بیرمان نەچێت ئەو هەرێمە بە خوێنی هەزاران شەهید گەیشتووەتە ئەو ڕۆژە، ئەوەیش دەستكەوتی هێزێك و لایەنێكی سیاسی نییە، بەڵكو دەستكەوتی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانە."
د. (حەیدەر شەماڵ) مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "هێنانی ئەم كۆمپانیایە و واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵیدا یەكێكە لە بڕیارەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شەفافییەت لە كەرتی نەوتدا."
روونیشی كردەوە، كۆمەڵێك قەیران لە هەرێمی كوردستان هەن، هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق، عێراقیش بە كۆمەڵێك قەیران تێپەڕ دەبێت، هەروەها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی تووشی ئەو قەیرانانە بووەتەوە، بەڵام بەتایبەتی كوردستان قەیرانەكەی پێوە دیارە، لەبەر ئەوەی هێشتا نەبووەتە دەوڵەت، بۆیە قەیرانەكان زەقتر لە هەرێمی كوردستان بەرچاو دەكەون، بۆیە پێموایە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان، چ ئەوانەی ناو حكوومەت، چ ئەوانەی دەرەوەی حكوومەت، پشتگیری لە حكوومەتی هەرێم بكەن، هەروەها ئەركی ئەوانە دەبێت پشتگیری حكوومەت بكەن بۆ دەرچوون لەو قەیرانانە، پشتگیریكردنیش ئەوەیە هەم پێشنیاری باش بخەنە ڕوو، هەم ئەو ڕەوشەی بەسەر هەرێمدا هاتووە بۆ خەڵكی كوردستانی ڕوون بكەنەوە، نەك هەر خەریكی ئەوە بن، لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ڕەخنە بگرن و تەنیا شكەستەكانی حكوومەت باس بكەن، ئەو حكوومەتەی ئەمڕۆ هەموومان چاومان لێیە، ئەوەیە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان گەشە بكات و بگاتە ئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكان، نەك لە پێش چاوی خەڵك ڕەش بكەین و هانی خەڵك بدەین خۆپیشاندان بكەن و بایكۆتی دەوام بكەن، چونكە ئێمە چەند یەكگرتوو و یەكڕیز بین، دڵنیام لەوەی وڵاتانی جیهان زیاتر هاوكاری ئێمە دەكەن و سەنگمان زیاتر دەبێت، بەڵام چەند لە ناوخۆمان ناكۆك بین، بێهێزتر دێینە بەرچاو و قەیرانەكان چارەسەر ناكرێن".
ڕابین شێروانی




