هەورامی: ئاسۆی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی پێمان دەڵێت، عێراقێكی ئارام لە نەخشەیەكی نوێدا بەڕێوەیە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و باڵیۆزی نوێی كۆماری پۆڵۆنیا كۆ بوونەوە و، تێیدا (هەورامی) ڕایگەیاند، ئاسۆی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، پێمان دەڵێت كە عێراقێكی ئارام لە نەخشەیەكی نوێدا بەڕێوەیە.
لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسی و سیاسیی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی، ئەمڕۆ لە پیرمام (هێمن هەورامی) ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، لەگەڵ هەریەكە لە (د. ستانیسواڤ سمۆلێن)ـی باڵیۆزی نوێی پۆلۆنیا لە عێراق و (بۆگۆسواڤ ئۆخۆدێك) كۆنسووڵی پۆڵۆنیا لە هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
(هێمن هەورامی) وێڕای پیرۆزباییكردن لە (سمۆلێن) كە وەك باڵیۆزی نوێی وڵاتەكەی لە عێراق دەستبەكار بووە، هیوای خواست كارەكانیان وەگەڕ بخەنەوە و دوای ئەو دابڕانەی كە بە هۆی پەلامارە تیرۆریستییەكەی بەغداوە كرایە سەر بالیۆزی پێشووی پۆڵۆنیا.
(هەورامی) گوتی، كارەكانی دیپلۆماتكارەكانی پۆڵۆنیا لە كۆنسووڵخانەی هەرێمی كوردستان نیشانی دا كە هیچ شتێك ڕێگە بە كارەكانیان ناگرن و زۆر سوپاسی گەل و حكوومەتی پۆڵۆنیای كرد كە لە رێگای رێكخراوەكانیانەوە هاوكاری و هەماهەنگی لێقەوماوانی شەڕی داعشیان كردووە، هەروەها داوای كرد كە وڵاتی پۆڵۆنیا برەو بە هاوكارییەكانیان بدەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان.
لە دیوێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، (هەورامی) بە وردی سیاسەت و ستراتیژییەت و تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەمەڕ پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاسۆی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بەمەبەستی گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنی سیاسی و لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا، بەتایبەتی پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و كێشەی ئابووری و شەڕی داعش و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ، ئەمەیش بەو مانایەیە كە عێراقێكی ئارام لە نەخشەیەكی نوێدا بەڕێوەیە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی نەخشەڕێگای سیاسی و سەربازیی دوای داعشی لە دیدگای هەرێمی كوردستانەوە بۆ عێراق و ناوچەكانی ژێردەستی داعشی لەگەڵ شاندی ناوبراو تاوتوو كرد.
(ستانیسواڤ سمۆلێن) سوپاسی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە سیاسییەی نێوانیان و ڕایگەیاند، بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی نێوانیان لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوان پۆڵۆنیا و هەرێمی كوردستان ڕێك دەخەن، ئەمەیش لەو تێڕوانینەوەیە كە پۆڵۆنیا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان، هەروەها سیاسەتی پێكەوەژیان و ئاشتی و ئارامی و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند.




