شێخ شامۆ: پێشمەرگە تاهەتایە لە ناوچە تازەئازادكراوەكان دەمێنێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان ئاماژە بە رۆڵی پێشمەرگە لە ناوچە تازەئازادكراوەكانی كوردستان دەكات و دەیشڵێ، هەر ناوچەیەكی كوردستانی ئازاد كرابێت، پێشمەرگە بۆ هەتاهەتایە تێدا دەمێنێتەوە، لەبارەی كچە ئێزدیەكانیشەوە رایدەگەیەنێ، داعش هەوڵ دەدا بۆ سووریا بیانگوازێتەوە.
(شێخ شامۆ) ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگە لە دوای ئازادكردنی مووسڵ، بە هیچ شێوەیەك لە ناوچە كوردستانییە تازەئازادكراوەكان ناكشێتەوە و هەر شوێنێك و ناوچەیەك لە دوای شەڕی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد كرابێت، پێشمەرگەی تێدا جێگر كراوە بۆ هەتاهەتایە، چونكە ناوچەی خۆمانە و مافی كەسیش نییە داوای كشانەوەی پێشمەرگە بكات، تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە دەمێنێتەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی ناوچە كوردستانیان بدرێت، ئەویش لەلایەن خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانەوە دەبێ".
لەبارەی زانیاری لەسەر كچانی ئێزدیی بندەستی داعش، (شامۆ) گوتی: "لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە رێك كەوتووین لە كاتی پێشڕەوییەكاندا ئاگاداری ئەو پرسە بن، چونكە ئەزموونی پێشترمان هەیە، ڕزگاركردنی كچ و ژنانی ئێزدی لە كاتی هێرشی سەر مووسڵ ئاسان نابێ، خۆ هەركاتێك هێرش بۆ ناوچەیەك كرابێ و ڕزگار كرابێ، كچان و ژنانی ئێزدی تێدا بوونە، بەڵام گوازتوویانەتنەوە بۆ شوێنی دیكە، هەڵبەتە هەوڵەكان بۆ رزگاركردنیان بەردەوام دەبن، تا ئەوەی بتواندرێ ڕزگار بكرێن".
قائید میرۆ




