چاودێرێكی سیاسی: بەشداریكردنی پەكەكە لە شەڕی مووسڵدا زیان بە پێگەی كورد دەگەیێنێ"
__2016_10_05_h20m54s43__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسەت پێی وایە بەشداریكردنی پەكەكە لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا جگە لەوەی نایاساییە، زیان بە پێگەی كوردی ئەو شارەیش دەگەیێنێ؛ دەربارەی كاریگەریی بەشداری چەكدارانی پەكەكە لە شەڕەكەدا دەشڵێ، ئەگەر پەكەكە بەشدار بێت لە گرتنەوەی مووسڵ بەهانە دەداتە دەست وڵاتانی ناوچەکە دەست بخەنە كاروباری مووسڵەوە.
خالید ئەحمەد چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگای نەینەوا لەبەر هەڵکەوتە گرنگ و ستراتیژیکەکەی، بووەتە جێتەماحی هێزە ناوخۆیی و هەرێمی و تەنانەت جیهانیەكانیش؛ تا شەڕی مووسڵ نزیکترەوە دەبێ، هێز و لایەنەکان زیاتر وەخۆ دەکەون هەتا هەر لە ئێستاوە جێپێی خۆیان لەو دەڤەرەدا قایم بکەن. لەو ناوەناوە پارتی كرێكارانی كوردستانیش خەریکە خۆی لەو شەڕە هەڵبقورتێنێت؛ بەو کارەیان هەر مەگەر ئاژاوە بنێنەوە و، دەوراوپشت بورووژێنن، ئەگین چ کەڵکی دیکەی نابێت."
ئەو چاودێرە دەیشڵێ: "پەكەكە بەوخۆتێهەڵقورتاندنە هیچ مەبەستێکیان نییە، لەوە نەبێ زیان بە پێگەی كورد بگەیێنن و گومان بخەنە سەر شەرعیەتی كورد لە مووسڵدا؛ ئینجایش دەیانەوێ کێشەكانی ناو پەکەكه پەردەپۆش بکەن و، شكەستە سیاسی و سەربازییەكەی ناو باكووری كوردستان لە بیر ببەنەوە؛ ئەگەر پەكەكە هەر واز نەهێنێت، ئەوا بەهانە دەداتە دەست وڵاتانی ناوچەکەوە و، جڵە و جەنەیان هەڵدەستێنێت دەست بخەنە شەڕەکەوە و، ئەویش هەر بە زیانی کوردە؛ جا وا باشە پەکەکە واز لەو بەزمە بهێنن."
خالید ئەحمەد پێی وایە "دەشێ پارتی كرێكارانی كوردستان گەریلاکانی بباتەوە بۆ چیتر كورد بە كوشت نەدات بۆ بەرژەوەندی خەڵكی دیكە؛ كردنەوەی دەرگای مووسڵ بە ڕووی هێزی میلیشیا و نایاسایی ڕەوشەكە ئاڵۆزتر دەكا؛ جا کە ڕزگاریش بکرێ، ئاگری شەڕی ئەو تاقم و دەستانەیش هەڵدەگیرسێت و، زەحمەتە بەم ئاسان دامرکێتەوە؛ ئەگەرچی زەحمەتە لێ گەڕێن ئەو تاقم و هێزانە بێنە شەڕی مووسڵەوە."
قائید میرۆر




