بابكەیی: سەردانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا لەڕووی ستراتیژی و سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە
__2016_10_05_h17m58s48__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێ سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا لە گەورەترین ئاستی سیاسی و بڕیاردارەتیدا بوو؛ هەم سەرۆكی هەرێمیان لەگەڵدا بوو، هەم سەرنوێنەرانی لایەنە كوردستانییەكان؛ جا بۆیە لە ڕووی ستراتیژی و سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەبوو.
د. ڕێبوار بابكەیی پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان و مامۆستای زانكۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا لە گەورەترین ئاستی سیاسی و بڕیاردارەتیدا بوو، چونكە شاندەكە خۆی لە سەرۆكی هەرێم و نوێنەرانی پایەبەرزی شاندە كوردستانییەكاندا دەبینیەوە. لە ڕووی ستراتیژی و سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەبوو. سەردانەكە ئەمەریكا ڕێكی خستبوو؛ ئەمەریكا خۆیشی بەشێك بووە لە دیدارەكان، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ڕێكکەوتن و ئەنجامی گفتوگۆكانی ئەم سەردانە جێبەجێ دەكرێن."
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ڕونیشی كردەوە: "لە ڕووی ستراتیژیکەوە شاندەكەی هەرێم بۆ چەند پرسێكی زۆر گرنگ سەردانی بەغدای كردووە، هەرە گرنگەکەیان داڕشتنەوەی هاوپەیمانەتی و ترازکردنەوەی هاوسەنگی بوو، لەگەڵ خستنەڕووی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی. سەردانەكە بووە هۆی دروستكردنەوەەی پەیوەندییەكی ڕاستاڵ لە نێوان هەولێر و بەغدادا. ڕاستە بەم سەردانە هەموو كێشە و پرسێک چارەسەر نەبووە، بەڵام ڕێخۆشكەر بووە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەكی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو لا."
بابكەیی جەختیشی كردەوە: "(سەرۆك بارزانی) بەرپرسیاریەتییەكی میژوییی هەیە و ئەم سەردانەی بۆ بەغدا ئەركێکی میژویی و هەنووكەیی بوو؛ سەردانەكە دەرخەری ئەم ڕاستییە بوو كە (سەرۆك بارزانی) بۆ هەر دیدارێكی سیاسی و دیپلۆماتیک بچێ گومانی تێدا نییە، هەگبە دیپلۆماتیکەکەی، بابەتی سەربەخۆییشی تێ خستووە و، هەوڵی بۆ دەدات. بارزانی ئێستا لە هەوڵدایە بابەفی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بگەیێنێتە ئاستی لووتكە؛ ئەوەتا لە بەغدایشدا باسی لێوە كرد؛ هەر بەوەدا دیارە سەردەمی شەڕی سەربەخۆیی بڕاوەتەوە و، ئیدی بە دیپلۆماسی و دانیشتن دەبێ؛ خۆ هەرێمی كوردستانیش خاوەن قەوارەیەكی گرنگە و لە جیهاندا دۆست و هاوپەیمانی زۆری هەیە و، لە کاتی بەرگری لە ماف و سەروەرییەكانیدا پشتی دەگرن."
د. بابكەیی گوتیشی: "عەبادی دوێنێ باسی لەوە كردووە كە بەم زوانە پرسی كێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر دەبێ. كەوایە سەردانەكە توانیویەتی دەرچەیەك بۆ چارەسەری كێشەی قەیرانی دارایی هەرێم بدۆزێتەوە و یەكێكە لە دەرهاوێشتە ڕاستەوخۆكانی سەردانی شاندەكەیە. دەكرێ بەم نزیكانە پرسی نەوت و پێشمەرگە و چەندین پرسی تر كە ئاستەنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا بووە، چارەسەری بكەن. چونكە دوای سەردانەكە پەیوەندیەكی رێک و ڕاستاڵ لەسەر بنەمای ئیداری و سیستەمی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە. چاوەڕوان دەكرێت ئیدی لەسەر مەلەفی نەوتیش ڕێک بکەونەوە و واژۆی بکەن."
ئاماژەیشی دا: "بابەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ یەكێكە لە گرنگترین پرسە گەرمەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، مووسڵی دوای داعشیش زۆر گرنگە و دەبێ لە ئێستاوە بخرێتە بەر باس؛ ئەوە گۆڕانكارییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. لەوانەشە مووسڵ ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ؛ ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ دابەشبوونی عێراق، بۆیە بابەتی ڕیفراندۆمی هەرێمیش لە دوای نەمانی داعش لە مووسڵ لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـەەوە گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە دەكرێت و هەنگاوی زۆر گەورە تر دەنێت."
٢٩ـی ئەیلوول مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی شاندێك گەیشتنە بەغدا و لە گەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و لایەن و بەرپرسە سیاسییەكانی دیكەدا كۆ بوویەوە.
سەرباز واحد




