٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ زێدۆ: پەكەكە لە شنگالدا بووەتە مەترسی بۆ دوارۆژی ئێزدیان

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-چاودێری سیاسی ئێزدیان دەڵێ ئەو دوو خۆبەخشەی لە چیای شنگال تیرۆر كراون ماوەیەكی زۆرە شنگال ئاوەدان دەكەنەوەو خزمەتی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام بە داخەوە لەلایەن لقوپۆپەكانی پەكەكەوە بەوشێوەیە بەئامانج گیران، بوونی پەكەكە لە شنگال مەترسیە بۆ سەر دوارۆژی ئێزدیان.

 

شێخ زێدۆ باعەدری چاودێری سیاسی ئێزدیان بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پلانەی لە دژی ناوچەی شنگال جێبەجێ دەكرێت بە چاودێری شام و بەغدایە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هیزی پێشمەرگەی كوردستان شنگال و شنگالییەكان دەپارێزێت و بەرگرییان لێ دەكات، حكوومەتی هەرێمیش هەوڵی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان دەدات. بۆیە دژمنانی كورد  هەوڵی هەموو كارێكی خراپ دەدەن بۆ ئەوەی دەستوەردان بكەن و ڕەوشەكە لە ئێزدیان بشێوێنن. هەركاتێك دەبینن جوگرافیای شنگال زیاتر بەرەو ئازادی دەچێت ئەوان پیلانەكانیان چڕتر دەكەنەوە."

 

باعەدرێ ڕونیشی كردەوە: "ئەو دوو بەرێزەی كە لە چیای شنگال تیرۆر كراون وەیسی عەبدوڵا و، عەبدولمەناف ماوەیەكی زۆرە شنگال ئاوەدان دەكەنەوە و خزمەتی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام بە داخەوە لەلایەن لقوپۆپەكانی پەكەكەوە بەو شێوەیە کرانە ئامانج؛ هەر بەوەدا دیارە پەكەكە چەندە کێشەیە بۆ شنگال و ئێزدییەکان."

 

ئەو چاودێرە سیاسیەی ئێزدیان ئاشكراشی كرد: "پەكەكە بەرنامەی هەیە شنگال بكاتە قەندیلی دووەم، كەمپی مەشقی لەسەر چیا بۆ چەكدارەكانی كردۆتەوە لە نزیك خەڵكی سڤیل و ئەگەری هەیە فرۆكەو هیزی توركی ئەم ناوچەیە بۆردوومان بكات و خەڵكیش بە ئاگری ئەوانەوە بسوتێ, بەڵام شنگالیەكان و ئێزدیەكان بەهیچ شێوەیەك ئەمە قەبوڵ ناكەن، ئەوان نامۆن لە ناوچەكە و هەر دەبێ ئەوێ چۆڵ بكەن. ئەوەتا كارورەفتاری پەكەكە شنگالیەكانی زۆر هەراسان كردووە ئەوان ڕیگری لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكەن و هەوڵ دەدەن ناكۆكی و دووبەرەكی لەنێوان ئێزدیان دروست بكەن و لاوازیان بكەن."

 

وەیسی عەبدوڵا و عەبدولمەناف تەها بۆ ماوەی دوو ساڵە لە ناوچەی شنگال بە شێوەیەكی خۆبەخشانە كاریان دەكرد بۆ چاكردنەوەی ڕێگاوبان و ساترەكانی هێزی پێشمەرگە, بەڵام لە چەندرۆژی ڕابردوودا تەرمی هەردووكیان لە پێچی دووەمی چیای شنگال دۆزراوەتەوە.

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار