چاودێرانی سیاسی: بارزانی دەرگایەکی نوێی بۆ بە پراکتیکردنی هەنگاوەکانی هەولێر و بەغدا کردەوە

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی دەڵێن، بارزانی ئێستا دەرگایەکی نوێی بەدەم هەولێر و بەغدا کردووەتەوە تا لەمڕێگەوە هەنگاوەکان بە پراکتیکی بکرێن..ئاماژەیش دەدەن کە سەردانەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا گرینگییەکی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە.
سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، كاردانەوەی گرینگی سیاسی و راگەیاندنی لێ كەوتەوە، بڕیاریشە دوای هاتنەوەی ئەو شاندە، شاندێكی دیكەی حكوومی سەردانی بەغدا بكات كە لەگەڵ چوونی شاندەكە لیژنەی هونەری بۆ رێككەوتنەكان دیاری دەكرێن، لەم بارەوە، (سەرۆ قادر)، نووسەر و چاودێری سیاسی، لە لێوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەرفەتێك لە بەردەم بەغدا و هەولێر كراوەتەوە، كە بە هاوكاری و ئاگاداریی وڵاتە زلهێزەكان و ئەمەریكا و هاوپەیمانان بووە، بۆیە زۆر بە بایەخەوە گرینگییان بە سەردانی (بارزانی) و كۆبوونەوەی لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق داوە، چونكە هەموو لایەك لەوە تێدەگەن شەڕێكی قورس لە ناوچەكەدا هەیە. (بارزانی)ـیش سەرۆكی قۆناغێكی چارەنووسسازە لە كوردستان، هەڵوێست لە كەسایەتیی سیاسی وەرناگرێت، لەسەر بنەمای سیاسی و دژ و ناكۆك".
لەبارەی خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكە و دەرهاوییشتەكانی ئەو رێككەوتنە، (سەرۆ قادر) ئاماژە بەوە دەكات كە، (بارزانی) بە زمانی لێكگەییشتن لەگەڵ پێكهاتەی شیعە و سوننە باسی پرسەكانی كردووە، لەناویاندا هاوكاریكردنی یەكتری بۆ لێدانی داعش، هەروەها دوای مووسڵ روانگایەكی روون هەبێت كە مووسڵ گیرایەوە، پێكهاتەكان قەڵاچۆ نەكرێن و لەناو نەبرێن، بگرە بەشدار بن لە بەڕێوەبردندا، موختار بن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، یەكێكی دیكە لە پرسەكان ئەوەی ئێستا لە ژێر دەستی پێشمەرگەدایە، ئەو ناوچانەن كە ناوچەی كوردستانین، بابەتی ئابووری و پرسی ئابووری، رێگە بەیەكتردان بۆ بەرژەوەندیی ئابووری".
لای خۆیەوە (موسەننا ئەمین) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرنی عێراق، لەبارەی سەردانەكەوە بە ئاژانسە عێراقییەكانی راگەیاند، هەرچەندە كاتی سەردانەكەی شاندی كوردستان بۆ بەغداد درەنگە، بەڵام گرینگی و بایەخی خۆی هەیە، زیاتر لە دوو ساڵە پەیوەندییەكان خراپن و پێگەی كوردیش لە بەغدا لاواز بووە و دەبێت باشتر بكرێت".
سەبارەت بە پشكی كورد لە بوودجەی ساڵی 2017ـی عێراق، (ئەمین) گوتی: "ئیستا كاتی دانانی بوودجەی ساڵی 2017ـیە و دەبێت باس لە بوودجە و پشكی كوردستان و بابەتی هەناردەی نەوتی هەرێم بكرێت و چارەیەك بۆ دۆخی ئیستای كوردستان بدۆزرێتەوە".
هاوكات (ڕێناس جانۆ)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) لە بەغدا ڕایگەیاند كە شاندێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكات، چونكە (بارزانی) لەوە دەچێت ئیشی ئەو نەبێت بچێتە ناو كاروباری هونەریی ڕێككەوتنەكانەوە، بۆیە دەكرێت ئەو پرسانە بە لیژنەی تایبەتمەند بدرێت، بۆیە بڕیارە شاندێك لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا بێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەوەیشی خستە ڕوو: "بەشێك لە كاری شاندەكە بریتییە لە پرسی ناردنی بوودجە، بەشێكی دیكەیش پرسی ڕێككەوتنەكانە، كە زیاد لە تایبەتمەندییەكی تێدایە". گوتیشی: "حكوومەتی عێراق بە هەندێك بابەت ڕازی بووە كە لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە".
پێوەست بەو خاڵەی کە کوردستان چی لە بەغدا دەوێ، (سەرۆ قادر)دەڵێ: "ئەوەی زۆر گرینگە كە كوردستان دەیەوێت، حكوومەتێكی ئارام و سەقامگیر لە بەغدا هەبێت، چونكە (مالیكی) دەیەوێت پاڵ بە (عەبادی)ـیەوە بنێت و حكوومەت نەمێنێت، ئەو كاتە خۆیان عێراق بەرێوە ببەن، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ سەر نەگرێت، گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا نەكرێت، (بارزانی) ئەم خاڵانەی بە لێكتێگەییشتن باس كردووە".
ئاماژەی بەوەیش دا، چاوەڕوان دەكرێت دەسكەوتی باش بەدەست بێت و بەغدایش بە جددی بێتە پێشەوە. پرسی سەربەخۆیی بە جیددی و هێورانە لەگەڵ حكوومەت و باڵە سیاسییەكانی عێراقی عەرەبی باس كراوە. وا مەزەندە دەكرێ لیژنەیەكی هاوبەشی عێراقی ـ كوردستانی بۆ ئەم مەبەستە پێك بهێنرێت".
سەبارەت بە کۆمەڵ و گۆڕان کە بە سەردانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا گۆشەگیربوونە و کەوتوونەتە رەخنەی سیاسی نابەجێ، وەڵامێکی موسەننا ئەمین بۆ ئەوان هەیە کە رایگەیاندووە: "حزبەكان لە حكوومەت بەشدارن و دەبێت هەنگاو بۆ چارەسەر بنێن، پێم سەیرە گۆڕان و كۆمەڵ بەشدارن لە حكوومەت و رەخنەیش دەگرن، ئەی ئەگەر ئەو حكوومەت و پارتیش هێندە خراپە و شایەنی ئەوە نییە سەفەرێكی لەگەڵ بكەن، بۆچی نایەنە دەرەوە لە حكوومەت".
كارزان سەباح هەورامی




