٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. ئیبراهیم عەلی: لە ‌ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، كورد كێشەی لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان تیشك دەخاتە سەر پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و، رۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و جیهان و راشیدەگەیەنێ، كاتی سەربەخۆیی كوردستان هاتووە و خەریكە كاتەكە بەسەر دەچێ، چونكە هۆكارە نێودەوڵەتییەكان ئامادەن بۆ پرسی سەربەخۆیی.

دكتۆر( ئیبراهیم عەلی) شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە جیهاندا، ئەوەیش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەو سیاسەتە حەكیمانەیە كە ئێستا (سەرۆك بارزانی) لە هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات و بووەتە گەرەنتی بۆ لایەنی بەرانبەر، ئەوەیش وای كردووە ئەو وڵاتانەی پێشتر دژایەتیكردنی گەلی كوردیان دەكرد، دەست لەو سیاسەتەی دژایەتیكردن بەردەن، هۆكاری دووەمیش بۆ ئەو بەهایانە دەگەڕێتەوە كەلە نێو میللەتەكەماندایە و توانیومانە لەگەڵ جیهانی پێشكەوتوودا بیگونجێنین، ئەوەیش بە قەبووڵكردنی بەرانبەر و فرەڕەنگی و ئایینی و پێكهاتەكان دەگرێتەوە، رۆشنبیریەتی میللەتی كورد لەگەڵ رۆشنبیریەتی ئەو دەوڵەتانە دەگونجێ كە ئێستا جیهان بەڕێوە دەبەن، لای كورد سیاسەتی رەتكردنەوەی بەرانبەر كۆتایی هاتووە و میللەتی كورد بە تایبەت لە هەرێمی كوردستان، گەلەكەمان بە شێوەیەك خۆی پێشانی جیهان داوە وەك ئەوە وایە ئێمە سەد ساڵە دەوڵەتین".
ئەو شارەزایەی كە هاوكات سەرۆكی بەشی پەیوەندییە نێودەڵەتییەكانی زانكۆی نەورۆزە، دەشڵێ: "پێشبینی دەكەم گۆڕانكاری لە ناوچەكە روو بدات و پێكەوەژیانی میللەتان لەسەر بنەمای تێگەییشتنی نێوانیانە، ئێستا دوو تێگەییشتن لە ناوچەكە دروست بوونە لە نێوان گەلانی ناوچەكە، یەكێك لەوانە عەرەبە توندڕەكانی ناوچەكە سەركێشی دەكەن و هێشتا لە سەردەمی شەڕی سارددا دەژین، رۆشنبیرییەكی دیكە هەیە، ئەویش سیاسەتی سەردەمانە و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنە، خۆشحاڵین كورد لە بەرەی دووەمە، پێشبینیی شەڕ دەكرێ بۆ كورد، ئەو شەڕانە ژانی دەوڵەتبوونە و كورد سەر دەكەوێ".
لەبارەی پرسی سربەخۆییەوە، دكتۆر (ئیبراهیم عەلی) گوتی: "سەربەخۆیی لە دەستەڵاتی حوكمی زاتییەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە كۆنفیدڕاڵی، سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان پەیوەستە بە هۆكارە نێوخۆیی و دەرەكییەكان، پێم وابێت كاتی سەربەخۆیی هاتووە، لە ڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە كورد كێشەی نییە، مخابن ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا لەنێو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئاستەنگ بۆ پرسی سەربەخۆیی دروست دەكات، ئەگەر لایەنەكان هاوڕا و هاوكار بن، نەك كاتی سەربەخۆیی هاتووە، بەڵكوو بە بۆچوونی من كاتەكە كەمێك درەنگە و دەبوو بەر لە پێنج ساڵ كورد سەربەخۆیی رابگەیەنێ، ئەگەر تا چەند ساڵی داهاتوو سەربەخۆیی رانەگەیەندرێت، لەوانەیە ئەوكات لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گۆڕانكاری روو بدات و ئەو دەرفەتە بۆ كورد  لەبار بچێت".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار