٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی وەبەرهێنەران: سەردانی شاندی هەرێم كاریگەری لەسەر كەرتی وەبەرهێنان هەبووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێ، بە هۆی سەركەوتنی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بازاڕی خانووبەرە جووڵەی تێكەوتووە و نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەرز بووەتەوە، ئاماژەی بەوەیش كرد، وەبەرهێنەران چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەن و كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر كەرتی وەبەرهێنان دەبێت.

سەردانی ئەم دواییەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی دەکرد، بە سەردانێکی سەرکەوتوو و ئامانجدار ناو دەبرێ و، سیاسەتوانانیش گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکان بە وەرچەرخانێکی گرینگ لە مێژووی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەینرخێنن؛ لەسەر ئاستی بازاڕیش ئەم سەردانە ئومێدی خستەوە دڵی هاووڵاتیانی هەرێم و جووڵەیشی خستووەتە بازاڕەوە.
(مەلایاسین)، لەمبارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە شێوەیەكی گشتی سێ خاڵ كاریگەرییان كردووەتە سەر جووڵەی بازاڕ و كاروباری بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، لەوانە تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و بڕینی بودجەی هەرێم، هەروەها شەڕی داعش و تێكچوونی پەیوەندیی نێوان حزبە كوردستانییەكان، ئەمانە وایان كرد كاریگەریی راستەوخۆ بكەنە سەر كەرتی تایبەت، وەبەرهێنان دەیان كارگەی زەبەلاحی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە، ئەو كارگانە تەنیا بۆ هەرێمی كوردستان نین، بەڵكوو بەرهەمی هەرێمی كوردستان دەچێتە ناوچەكانی دیكەی عێراق، چوونی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە، هەرلەو كاتەی شاندەكەی چووەتە بەغدا تا ئەمڕۆ كە من قسە بۆ ئێوە دەكەم، لایەنی نەرێنی لەسەر كەرتی وەبەرهێنان دەركەوتووە و سەركەوتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەو چەند رۆژەی رابردوودا كاریگەریی خۆی لەسەر وەبەرهێنان هەبووە".
گۆتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنان گوتیشی: "لە مێدیا بەناووبانگەكانی جیهان هەواڵی دەستكەوتەكانی شاندی هەرێمی كوردستان بڵاو بووەتەوە و من لە چەندین میدیای بیانی خوێندوومەتەوە بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەغدا پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێ، هاتنی سەد ملیۆن دۆلار نەك ملیارێك دۆلار، راستەوخۆ كاریگەری دروست دەكات لەسەر بازاڕ و وەبەرهێنان، هەر پارەیەك بگاتە دەستی هاووڵاتیان یەكسەر دێتە نێو بازاڕ، لێتان ناشارمەوە وەبەرهێنەران چاوەڕێی ئەنجامەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و عێراق دەكەن".
(مەلایاسین) ئەوەیشی خستە ڕوو: "كەرتی خانووبەرە یەكێكە لە كەرتە گرینگەكان و لەهەموو جیهاندا كە باس لە خواست و خستنەڕوو دەكرێت، یەكسەر باس لە بازاڕی خانووبەرە و وەهەبەرهێنان دەكرێت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا كە شاندی هەرێمی كوردستان و بەڕێز (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە، بازاڕی خانووبەرە جووڵەی كردووە، بە شێوەیەك لە یەكێك لە پڕۆژەكان نرخی خانوو پێش چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا تەنیا هەژدەهەزار دۆلار بووە، دوای چوونی شاندی هەرێم تەنیا لەو رۆژەوە تا ئێستا نرخی هەمان یەكە بووەتە بیستوپێنج هەزار دۆلار، واتە حەوت هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار