٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەروێز ڕەحیم: بارزانی رێككەوتنی نێودەوڵەتی بە ناوخۆیی و، هیی ناوخۆییش بە نێودەوڵەتی دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان، لە بارەی سەردانە دیپلۆماسییەكانی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە دەڵێ، ئاستی پێشوازی و ئەو بابەتانەی كە لەلایەن (بارزانی)ـیەوە گفتوگۆیان لەسەر كراوە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن، كە سەرۆكی هەرێم توانیویەتی بەپێی رۆڵ و پێگە و كەسایەتی لە فاكتەرەكانی تر كەڵك وەربگرێت.

(پەروێز ڕەحیم)، مامۆستای زانستەسیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەجیهانی ئیمڕۆدا، چۆنیەتیی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان بەشێكی گرینگی سیاسەت و هێزی دەوڵەت و ئەكتەرەكان دەستنیشان دەكەن. تەنانەت توانای كاریگەری دروستكردن و شوێندانەری لەسەر بڕیار و ڕای گشتیی وڵاتان وەك هێزیكی نەرم سەیر دەكرێت، لەم نێوەندا هەرێمی كوردستان توانیویەتی بەپێی سەنگ و قورسایی خۆی لە ئاستی دەرەوەدا وەك دەوڵەت، هەڵسوكەوت بكات. بەم پێیەش لە فاكتەربوونەوە بگۆڕێت بۆ ئەكتەر لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا. لەلایەكی ترەوە بیرمەندی گەورەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی نێودەوڵەتی (جەیمز رۆزێتا)، فاكتەری (تاك و كەسایەتی، رۆڵ و پێگە)،‌ لەپاڵ فاكتەری كۆمەڵایەتی، حكوومەت و سیستەمی سیاسی، ژینگەی دەرەكی و نیودەوڵەتی) بە گرینگترین فاكتەرەكانی شوێندانەر لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و نیودەوڵەتی دەزانێت".

 

 (بارزانی) ئاساییشی كوردستانی بە ئاساییشی ناوچەكە و نیودەوڵەتییەوە گرێ دا

(پەروێز ڕەحیم) گوتیشی: "سەردانی ئەم جارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و ئاستی پێشوازی و ئەو بابەتانەی كە لەلایەن بەرێزیان و شاندی یاوەری گفتوگۆی لەسەر كراوە، ئەو ڕاستییە دەردەخەن كە (بارزانی) توانیویەتی بەپێی رۆڵ و پێگە و كەسایەتی لە فاكتەرەكانی تر كەڵك وەربگرێت، بۆیە ڕەوایەتیی پاراستنی كوردستان لە جەنگی دژی تیرۆر (داعش) لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، بووە بە بەشێك لە ئەجێندای دەوڵەتانی ناوچەكە و سەروو ناوچەیی، ئەمەیش دووبارە ئەو قسەیەمان دەسەلمێنێت كە بەڕێز (بارزانی) ئاساییشی كوردستانی بە ئاساییشی ناوچەكە و نیودەوڵەتییەوە گرێ دا، بۆ من ئەوە زۆر هەستیار و چارەنووسسازە، بەڵام لەم سەردان و جووڵە دیپلۆماسیانەی بەڕێزیان واپێدەچیت  كە (بارزانی) لێرەدا نەوەستێت و بەمە ڕازی نەبێت، بەڵكوو پلانی تری بۆ پاش ئازادكردنەوەی مووسڵ و نەمانی داعش هەبێت".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونیشی كردەوە: "لە سەردانی (سەرۆك بارزانی)ـدا بۆ توركیا و دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و...هتد، هەروەها تاوەكوو دیدار لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرز و باڵای فەڕەنسا لە كۆشكی ئێلیزە، دەربڕی نزیكبوونەوەی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاری هەستیار و گرینگن لە ناوچەكە، لەلایەكی تریشەوە دەربڕی ئەو ڕاستییەن كە جۆری پەیوەندی و دیپلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی گرینگ و شوێندانەری لە یەكلاكردنەوەی هاوكێشە سیاسی و ئاساییشییەكاندا هەبێت".

(بارزانی) سیاسەتمەدارێكی پراگماتیستە
سەبارەت بە سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەغدا، (پەروێز ڕەحیم) دەڵێت: "سەرۆكی هەرێم ئەوەی بە ئاشكرا دەرخست كە (بارزانی) سیاسەتمەدارێكی پراگماتیستە، بەم مانایە كە هیچ كەس ئەوەی پێشبینی و چاوەڕوانی نەدەكرد كە (بارزانی) سەردانی بەغدا بكات، پاش ئەو هەموو بارگرژی و ناكۆكییەی لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، ئەوەی كە سەرنجڕاكێشە (بارزانی) سەرەڕای پێداگری و پابەندبوونی بە پرسی بەدەوڵەتبوونی باشووری كوردستان، ڕازی بووە كە لە ئەگەری گۆڕانكاری لە هاوسەنگیی هێزەكان لە پاش ئازادكردنی مووسڵ، بەپێی بەرژەوەندی و ‌قازانجی كورد، لە عێراق و ناوچەكەدا، لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەكان تاوتووی ئەو بابەتە بكات، لە ڕوانگەیەكی ترەوە (بارزانی) باش دەزانێت كە تەنیا بەڵێنێكی سەربازی و ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكاییەكان ناتوانێت هاوكێشەكان لە پاش كۆتاییهاتنی داعش و ئازادكردنەوەی مووسڵ لە قازانجی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا بگۆڕێت، بەڵكوو پێویستە لە ڕیگەی ئەو دیپلۆماسییە و كەڵكوەرگرتن لە هەلەكان، ئەو دەرفەتە بە میكانیزمی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە ناوخۆی عێراق و دانوستان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ كورد بڕەخسێنێت. بە واتایەكی تر (سەرۆك بارزانی) چەند پڕۆژەی هاوتەریب لەگەڵ یەكتری بەرێوە دەبات و لەلایەكی ترەوە پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی باشووری كودستان لە بەغداوە دەست پێ دەكات، بۆیە كار بەو تێزە دەكات كە (بارزانی دەڵێ، ئەگەر ناتوانیین دوو شەریكی باش بین، با ببینە دوو دراوسێی باش".
ئەو هەروەها گوتی: "بە واتایەكی تر (بارزانی) بە ژیری و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەرفەتە دەكات و بەپێی ئەزموونی تاڵی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا، كار بۆ ئەوە دەكات كە هەر رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی، بەناوخۆیی بكات و لە هەمان كاتدا هەوڵیش دەدات كە هەر رێككەوتنێكی ناوخۆیی لە عێراق، بە نێودەوڵەتی بكات".

 

ئێران لە كۆتاییدا ددان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێت

دەربارەی سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆكی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئێران، (پەروێز ڕەحیم) گەیاند: "لە ڕاستیدا بازنەی ئەستەمی تەواوكردنی ئەو دیپلۆماسییەتە بۆ (بارزانی) كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بە هۆی ئەوەی كە ئێران بێجگە لە ئاستی ناوخۆ، لە ناوچەكەدا خاوەن ستراتیژییەكی تایبەت و دژەرۆژئاواییە، كە لەگەڵ هەنگاو و هەوڵەكانی كورد بۆ بەدەوڵەتبوون، ناكۆك و ناتەبایە. ئەمەیش وای كردووە كە ئێران هەوڵی لاوازكردنی پێگە و سنووری گەمەی دیپلۆماسیی (بارزانی) بدات و بۆ ئەمەیش چەندین كارتی ناوخۆیی لە ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەكەیش لە دژی (بارزانی) ‌تاقی كردووەتەوە، بەڵام سەردانی ئێستای (بارزانی) بۆ كۆماری ئیسلامی لە پاش ئەو زنجیرە دیدارە دیپلۆماسییە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و ناوخۆیی عێراق، بە دڵنیاییەوە جیاواز دەبێت. هەرچەندە ئێران لە كۆتاییدا (پاش هەموو هەوڵەكانی بۆ شكستی پرۆژەی بەدەوڵەتبوونی باشووری كوردستان) ددان بە دەوڵەتی كوردستاندا دەنێت، بەڵام لە ئێستادا ڕوانگای كۆماری ئیسلامی بۆ كوردستان ئاساییشی و سەربازییە، ئەمەیش كاتییە، لە ڕاستیدا (سەرۆك بارزانی) لەم سەردانەیدا بۆ ئێران هەڵگری ئەو پەیامەیە كە ئەوە كۆماری ئیسلامیی ئێرانە كە زیاتر پێویستی بە كوردستانە، بۆیە پێشبینی دەكەم (سەرۆك بارزانی) ئەم جارە زۆر ڕاشكاوانەتر هەڵوێست و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسانی باڵای ئێران ڕادەگەیەنێت، هەروەك چۆن لە بەغدا و پایتەختە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی تر، بە دروستی ئەمەی كرد".


فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار