٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەریتانیا کرد و لە دیدارەکەدا دووپاتیان لەوە کردەوە کە وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەیان، هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەکات.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٤-١٠-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كرستیان تۆرنەر بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە هەریەكە لە جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، سەرۆكی بەشی كاروباری عێراق لە وەزارەتی دەرەوە و ژمارەیەك دیپلۆماتكاری بەریتانی پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و دەستخۆشییان لە پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویانە هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزن. بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بەریتانیاشیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بەتایبەتی لە ڕووی بە مۆدێرنكردنی هێزی پێشمەرگە، لەمبارەیەشەوە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا هاوكاریی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەكات.

جەختیان لە پێویستیی هەبوونی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرال و هاوپەیمانان كردەوە بەمەبەستی دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكرنەوە، لەمبارەیەشەوە پاڵپشتیی بۆچوونی هەرێمی كوردستان دەكەن لە دامەزراندنی كۆمسیۆنێكی هاوبەش تاكو لە هەموو ڕوویەكەوە ڕەوشی مووسڵ و دەوروبەری بپارێزرێت. بە پێویستیشیان زانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ یارەمەتیدانی ئەو ئاوارانەی پێشبینی دەكرێت لە كاتی ئازادكرنەوەی شارەكەدا ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لای خۆیەوە  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بەریتانیای لە ڕابردوو و ئێستادا كرد و پرۆگرامی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاشی بەمەبەستی مۆدێرنكردنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە بەریتانیا ڕۆڵێكی گرنگی لە لێكنزیككردنەوەی هەولێر و بەغدا هەبووە كە كۆبوونەوە و لێكگەیشتنی ئەم دواییانەی نێوان هەولێر و بەغدای لێكەوتەوە.

هیواشی خواست بەریتانیا پشتگیریی بیرۆكەی هەرێمی كوردستان بۆ دامەزراندنی كۆمسیۆنێكی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیماناندا بكات بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی دوای ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و دەوروبەری و پاراستنی ماف و ئاسایشی هەموو پێكهاتەكانی دەڤەرەكە، بۆ ئەوەی بتوانرێت گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ئەو شارە بكرێت. دووپاتیشی كردەوە كە دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی دیاریكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە داهاتوودا، بەردەوام دەبێت.

گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر ڕەوشی گشتیی ناوچەكە و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە ڕەوشی ناوچەكەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
 

هەواڵی پەیوەندیدار