٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرانی سیاسی: یەكڕیزی، مەرجی سەرکەوتنی ئێمەی کوردە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە، یەكڕیزیی كورد مەرجی سەركەوتنمانە؛ بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە پشتگیری لە دەستپێشخەری و پەیامەكانی سەرۆك بارزانی بكەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

(ئازاد حوسێن) چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم بە دەنگ پەیامەكانی (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بێن و، بیر لە دەنگی خەڵك بكەنەوە و، ناڕەزایەتییەكان وەلاوە بنێن و ناوماڵی خۆیان یەك بخەن، چونكە دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە."

 

گوتیشی: "پێگەی (سەرۆك بارزانی) و قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگە وای كردووە كوردستان وەك ئەندامێكی كارا لەو هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییە هەژمار بكرێت و، پەیتاپەیتا سەركەوتن تۆمار بكات."

 

(خدر لیاس) چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "دەبێت یەكڕیزی و تەباییەکەی ناو ماڵی كورد بپارێزین؛ نابێت هەر لایەنێك و، هەر بە دوای بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە بێ و پشت لە خەڵكی كوردستان بكات، بۆ ئەوەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین، سەركەوتنی كوردستان بەسەر سەرجەم قەیرانەكان و بەهێزبوونی پێگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەلایەكی دیكەوە شەڕی داعش و هاتنی ڕێژەیەكی زۆر لە ئاوارەكان بۆ هەرێم و پاراستنی دەستكەوتەكان دەگەڕێتەوە بۆ پێگە بەهێزەکەی (سەرۆك بارزانی)."

 

 (قورتاس محیەدین) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "یەكڕیزی لایەنەكان، مەرجی سەركەوتنی گەلی كوردە بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا و گەیشتنی گەلی كوردە بە مافە ڕەواكانی خۆی، چونكە چارەسەر ڕێكخستنەوە و یەكڕیزی ناوماڵی كوردە و، لایەنە سیاسییەكان گوێ بۆ یەكدی بگرن و سازش لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان بكەن بۆ گەیشتن بە سەركەوتنی یەكجارەكی.

 

ئاماژەی بەوەیش كرد، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی كاریگەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، (سەرۆك بارزانی) بە درێژای خەباتی پێشمەرگایەتی زۆر دەستكەوتی بۆ كورد بەدەست هێناوە، ئەو پرۆتۆكۆڵەی لە نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان ئیمزا كرا یەكێكی دیكەیە لەو دەستكەوتانە، بۆیە دەبێت گەلی كورد شانازی بەوە بكات كە لەو قۆناغەدا كەسێكی وەك (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانە."

 

(محیەدین) ئەوەشی گوت: ئێستا هێزی پێشمەرگە لە یەك سەنگەردا پێكەوە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەكەن، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لە هەرێمی كوردستان چۆن لایەنەكان  هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ناوماڵی كورد یەكڕیز و تەبا بێت و، لەو گۆڕانكاریانەی دەكرێن كوردستان پشكی شێری بەر بكەوێت، نەکا خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ بچێت."

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار