ڕزگار مستەفا: ھیچ جیاوازییەک نەکراوە لەنێوان خەڵکی مەخموور و باکووری کوردستاندا

مەخموور-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە ڕێگری کراوە لە کوردانی باکووری لە کەمپی مەخموور خۆپیشاندان بکەن لەبەر ئەوەی ھیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزارییان بۆ نەکراوە و ڕێگریان لێ کراوە، لە بەرامبەردا قایمقامی مەخموور دەڵێت، ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و ھیچ کەسێک داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی نەکردووە و لە دابینکردنی خزمەتگوزرای ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ئەوان و خەڵکی مەخمووردا نەکراوە.
ڕزگار مستەفا قایمقامی قەزای مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە مەخموور بەھۆی قەیرانی دارایی ھەندێک پڕۆژە وەستاون و جێبەجێ نەکراون، بەڵام ھەر پڕۆژەیەکیش کرابێت چۆن بۆ خەڵکی مەخموور کراوە بەھەمان شێوە بۆ کوردانی باکووریش لە کەمپ کراوە، بگرە لە بوودجەی بۆ شارەوانی دابین کراوە ھی ئەوان لە ھی ناو مەخموور زیاتریشە و، ھەرکاتێک ھەلی کاریش ھەبووە بەھەمان شێوە بۆ ئەوانیش دابین کراوە، بۆیە ھیچ جیاوازیەک نەکراوە و ئەوەی دەگوترێت ڕاست نییە."
ڕزگار مستەفا گوتیشی، گەر ھەر کەسێک بیەوێت خۆپیشاندان بکات پێویستە بەپێی یاسا بێت لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە مۆڵەت وەربگرێت، بەڵام بە ھیچ جۆرێک ئەوان ھیچ مۆڵەتێکیان وەرنەگرتووە نە لە ئێمە ونە لە ھەولێریش، بۆیە ویستوویانە خۆپیشاندانی بێمۆڵەت بکەن کە ئەمەش قابیلی قبووڵ نییە.
بڵند ئیبراھیم




