٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە وەزیری پەروەردەی عێراق کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان پێشوازی لە وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدراڵ کرد و لە دیدارەکەدا وەزیری پەروەردەی عێراق سەبارەت بە هەماهەنگیی پەروەردەییی نێوان هەولێر و بەغدا، دووپاتی كردەوە ئەوەی لە توانایدابێت لەسەر ئاستی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، هەوڵ دەدات بەشێك لە گرفتەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

سەرەلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٤-١٠-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. محەممەد ئیقبال وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدراڵ كرد.

لە دیدارێكدا ئیقبال خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و ئەو هەماهەنگییە تۆكمەیەی كە لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا هەیە دەربڕی، هەروەها باسی لە پرۆسەی پەروەردە لە سەرتاسەری عێراق و ئەو گۆڕانگاریانەی كە وەزارەتی پەروەردە نیازی هەیە ئێستا و داهاتوو لە سیستمی پەروەردەدا بیكات، كرد و گۆڕانگارییەكانی پەروەردەییشی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە كردنەوەی قوتابخانە نێودەوڵەتییەكان بەرز نرخاند كە بووەتە هۆكارێك بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ڕەوشی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان.

سەبارەت بە هەماهەنگیی پەروەردەییی نێوان هەولێر و بەغداش، دووپاتی كردەوە ئەوەی لە توانایدابێت لەسەر ئاستی وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، هەوڵ دەدات بەشێك لە گرفتەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێزیان خواست لە كار و ئەركەكانیدا. ئاماژەی بەوەش دا كە پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگایەك وابەستەیە بە هەبوونی پەروەردەیەكی تەندروست و دەستخۆشی لێكرد بۆ ئەو پرۆگرامەی كە بەنیازە لە بواری پەروەردەدا ئەنجامی بدات، هەروەها ئاشكرای كرد كە بەغداش دەتوانێت ئەو گۆڕانكارییانە لە بواری پەروەردەدا ئەنجام بدات ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراون.

جەختی لەوەش كردەوە كە دەكرێت پەیوەندییەكی باش لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالدا هەبێت و هاوكاریی پێشكەش بە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تاكو بتوانرێت كەمێك لەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە ڕووبەڕووی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان بووەتەوە.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار