بریمۆ: پەیەدە ناتوانێت بە تەنیا بەرگری لە رۆژئاوا بكات

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا رایگەیاند، ئەو جۆرە تەقینەوانە لە رۆژئاوا، دووپاتی دەكەنەوە كە پەیەدە ناتوانێت بە تەنیا بەرگری لە خاكی رۆژئاوا بكات و خەڵكی رۆژئاوا بپارێزێت، بۆیە پێویستە پەیەدە دەست لەو زوڵم و زۆردارییە بەردات و ڕازی بێت كە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی رۆژئاوا بپارێزن.
(نووری بریمۆ)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوژمنەكانی كورد بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێن كە كورد بە تەقینەوە و شتی دیكە لەناو ببەن، داعش بەرپرسیارەتیی خۆی لە تەقینەوەكەی حەسەكە راگەیاندووە، هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێم هەڵوێستێكی ئەرێنی هەبووە بە رامبەر بە رۆژئاوای كوردستان، هەر دەم خۆی لەو بەشە كردووەتە خاوەن، هەر كاتێك رووداوێك بەسەر گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان بێت، خۆی لێ دەكاتە خاوەن و پێداویستی بۆ دابین دەكات، بە دەیان جار یارمەتیی رۆژئاوای كوردستانی كردووە، ئێستایش بریندارەكانی وەرگرتووە و دەرمان ڕەوانەی رۆژئاوا دەكات".
(ئازیزی) گوتیشی: "ئەو جۆرە تەقینەوانە دووپاتی دەكەنەوە كە پەیەدە ناتوانێت بە تەنیا بەرگری لە خاكی رۆژئاوا بكات و خەڵكی رۆژئاوا بپارێزێت، پێویستە پەیەدە دەست لەو زوڵم و زۆردارییە بەردات و ڕازی بێت كە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بە هەموومان خەڵكی خۆمان بپارێزین، بۆیە دەبێت پەیەدە خۆی لە دوژمن بە دوور بگرێت و پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكانی رۆژئاوا بەهێز بكات بۆ ئەوەی پێكەوە بەرگری لە رۆژئاوا بكەین".
ڕابین شێروانی




