مەكتەبی سیاسیی پارتی، تەقینەوە تیرۆریستییەكەی حەسەكە سەركۆنە دەكات

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو كردەوە تاوانكاریانە نیشانەی داڕمان و شكستە یەكلەدواییەكەكانی ئەو تاقمە تیرۆیستییە سەرلێشێواوەیە، ئومێدەواریشه ئەو رووداوە ببێتە زیاتر هاندان و هەوێنی یەكگرتن و سووربوون لەسەر داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان.
دوێنێ شەو 3/10 پەلامارێكی تیرۆریستی بە هۆی تیرۆریستێكی خۆكوژەوە لە نێو هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە شارۆچكەی حەسەكە رووی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە (25)كەس و برینداربوونی دەیان هاووڵاتیی دیكە، ئێمە وێڕای سەرەخۆشیمان لە كەسوكاری شەهیدەكان و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان ئەو تاوانە چەپەڵە زۆر بە توندی ئیدانە و سەرزەنشت دەكەین و هاوخەمیی خۆمان بۆ خوشك و برا و كەسوكاری قوربانیەكان رادەگەیێنین.
ئاشكرایە ئەو كردەوە تاوانكاریانە نیشانەی داڕمان و شكستە یەكلەدواییەكەكانی ئەو تاقمە تیرۆیستییە سەرلێشێواوەیە، كە پەنا بۆ كاروتاوانی ئاوها دڕندانە دەبات كە دژ بە هەموو ئایین و ئایینزا و عورف و دابونەریتی ئینسانی و مرۆڤایەتییە.
ئومێدەوارین ئەمە دواكۆستی هاووڵاتیانی خۆشەویستی رۆژئاوای كوردستان بێت و ئەو رووداوە ببێتە زیاتر هاندان و هەوێنی یەكگرتن و سووربوون لەسەر داكۆكیكردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانمان و دابینكردنی دواڕۆژێكی ئاسوودە و سەقامگیر و بەختەوەر بۆ گەلەكەمان.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
4/10/2016




