زیاتر لە 500 خێزان لە كەمپی دیبەگە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان

مەخموور-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، زیاتر لە 500 خێزانی ئاوارەی دانیشتووی كەمپی دیبەگە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان و، گەڕانەوەكەیش ئارەزوومەندانەیە.
بەرپرسی كەمپی دیبەگە (رزگار عوبێد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پاش ئەوەی ماوەی حەفتەیەكە ئامادەكاری دەكەین، ئەمڕۆ سێشەممە 501 خێزانی ئاوارە كە دانیشتووی كەمپی دیبەگەن و ژمارەیان زیاتر لە 3100 كەس دەبێت، خۆیان ناونووس كرد و ئارەزوومەندانە گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی حاجی عەلی و گەیارە و دەوروبەری كە ئازاد كراون و هیچ مەترسییەكیان لەسەر نەماوە".
(عوبێد) راشیگەیاند: "ئەوەی جێگای دڵخۆشیی ئێمەیە وەكو كارگێڕی كەمپەكە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رۆژانی یەكەممان بەبیر هاتەوە كە پێشوازیمان لەو خەڵكە كرد تەنها بەو جلەی لەبەریان بوو گەییشتنە لامان، بەڵام ئەمڕۆ لەبەر چاوی هەمو كامێراكان هەر خێزانێك سەرجەم كەلوپەلەكانی تایبەت و پێویست بە ژیان لەگەڵ خۆیان دەبەن و دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان".
نەشوان بەرزنجی




