سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تەقینەوە تیرۆریستییەكەی شاری حەسەكە ئیدانە دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وێڕای ئیدانەكردنی کردە تیرۆریستییەکەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكە، ڕایدەگەیەنێ، دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی هاوكاریی پزیشكی و تەندروستی بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە.
شەوی دووشەممە 3ـی 10ـی 2016 تیرۆریستێكی خۆكوژ لەنێو هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان خۆی تەقاندەوە و بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆریستییەوە، بیستوپێنج هاووڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون.
زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان لە شاری حەسەكە دەكەین و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارن دەخوازین. لەهەمانكاتیشدا ڕایدەگەیەنین كە دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی هاوكاریی پزیشكی و تەندروستی بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە.
لە هەموو بارودۆخێكدا هاوسۆز و پشتیوانی خوشك و براكانمانین لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئازار و خەمی ئەوان خەم و ئازاری هەموومانە.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
4ـی 10ـی 2016




