مستەفا شەفیق: سووریا دابهش دهبێت.. پهیهده دەیەوێ ڕكابەر لەپێش خۆیان نەهێڵن

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- شارەزارەیەكی كاروباری رۆژئاوای كوردستان، پێشبینی دەكات لە كۆتایی ئەمساڵدا چارەسەرێكی یەكلاكەرەوەی رەوشی سووریا بكرێت و، ئاماژەی دا كە ئەگەری دابەشكردنی سووریا بەسەر سێ هەرێمدا هەیە، لەبارەی دەستگیركردنی ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسەیش دەڵێ، پەیەدە دەخوازێ هێزە ركابەرەكانی لاواز بكات و ماوەی پێنج ساڵیشە هەڵمەتی دەستگیركردن بەردەوامە.
(مستەفا شەفیق)، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرسی دەستگیركردن و شوێنبزركردنی كەسایەتی و خەڵكی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان لەو كاتەوە دەستی پێ كرد، كە پەیەدە دەستەڵاتی زیاتر بووە لە رۆژئاوای كوردستان و لە ساڵی 2011 دەست بە دەستگیركردنی خەڵك كراوە، بەڵام هەندێ جار زیادی كردووە و هەندێك جار كەم بووەتەوە، بەداخەوە لە ئێستادا دەستگیركردنی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن ئاساییشی پەیەدەوە زیادی كردووە، بە بڕوای من دەستپێكردنی هەڵمەتی دەستگیركردنی كەسانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی ئەنەكەسە بۆ چەند خاڵێك دەگەڕێتەوە، لەوانە پشتگیریكردنی ئەمەریكا لە شەڕی داعش بە تایبەتی لە ناوچەكانی منبج، ئەمە وای كرد پەیەدە ببێت بە هێزێكی لەخۆبایی و لەژێر پەردەی ئەو هاوكارییەدا پەیەدە خۆی بە بێمنەت بینی، پەیەدە وا بیری كردەوە لە سووریا پشتی گەرمە و وڵاتانی جیهانیش پێویستیان بەو هێزە هەیە هەرچییەك بكات كەس دەنگ ناكات، ئەمە بووە هۆكاری دەستگیركردنی كەسانی سیاسی لەلایەن پەیەدەوە".
(شەفیق) گوتیشی: "هۆكارێكی دیكەی رەشبگیری و دەستگیركردنی كەسانی دەرەوەی پەیەدە لەلایەن ئاساییشەكەیانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، دەیانەوێ بەر لەوەی رەوشی سووریا یەكلا ببێتەوە، هیچ ركابەرێك لەپێش خۆی نەهێڵێ، ئاشكرایە ركابەرەكانی پەیەدە پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا و لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردین، جگە لەوانە هیچ لایەنێكی دیكە ركابەری پەیەدە نییە، هەندێ لایەنی دیكەیش هەن پێشتر نزیكی رژێمی سووریا بوون ئێستا نزیكن لە پەیەدە".
ئەو شارەزایەی رۆژئاوای كوردستان دەشڵێ: "پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵ یان ساڵی داهاتوودا چارەسەرێكی یەكجاریی رەوشی سووریا بكرێت، ئەگەری هەرە نزیك ئەوەیە سووریا بۆ سێ هەرێم دابەش بكرێت، هەرێمی كوردستان لە رۆژئاوا بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە بەرەو كۆبانی و جزیرە دروست بكرێت، لەبەر ئەوەیش پەیەدە دەیەوێ تەسفییەی ئەو هێزانەی ركابەری خۆی بكات و كاریگەریی ئەو هێزانە كەم بكاتەوە، ئەوەیش بەرنامە و ستراتیژییەتی رژێمی سووریایە، پێشتریش ئەزموونی هاوشێوەیان هەبووە".
قائید میرۆ




