٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: مادامەكینێ وڵاتیان پێ بەڕێوە ناچێ، باشترە ئەوەیە ببنەوە بە ئۆپۆزسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك -KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ڕایدەگەیێنێ، ئەوانەی ئیمزا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان كۆ دەكەنەوە، ئەگەر بتوانن كۆبوونەوەی پەرلەمان بكەن، ئەوا بەبێ ئیمزا با بۆخۆیان كۆ ببنەوە؛ دەیشڵێ، ئەگەر گۆڕان واز لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بهێنێی، چ قەیدی هەیە، با پەرلەمان كۆ ببێتەوە.

(عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان هەڵوەشاوەتەوە و ئەگەر كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت و كارا بكرێتەوە، ئەوا پێویستە گۆڕان مەرجی وەرگرتنەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لا بدات بۆ ئەوەی پەرلەمان كۆ ببێتەوە، حكوومەت بە ڕێككەوتن دروست كرا، بەڵام گۆڕان ڕێككەوتنەكەیان پێشێل كرد، بۆیە پارتییش ڕێككەوتنەكەی خۆی لەگەڵیاندا هەڵوەشاندەوە".

ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی دەشڵێ: "ئەوانەی ئیمزا بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن، ئەوە بە بێ ئیمزاكۆكردنەوە با بۆخۆیان كۆ ببنەوە، ئاشكرایە یارییەكە چۆن بەڕێوە دەچێت هەتا كۆدەتای ٢٣ـی حوزەیران دووبارە بكەنەوە، بەشكەم سەری بخەن؛ بەڵام خۆیشیان باش دەزانن لەو یارییەدا سەر ناكەون، ئیمزاكۆكردنەوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پەرلەمان تەنها هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنە بۆ ئەوەی خەڵكی پێوە خەریك بكەن؛ مادامەكینێ وڵاتیان پێ بەڕێوە ناچێ، باشترە ئەوەیە ببنەوە بە ئۆپۆزسیۆن، لێ  ئۆپۆزسیۆنێكی ماقووڵ، نەك ئەوەی ئێستایش تێك بدەن؛ ئۆپۆزسیۆناتی بارەگاسووتاندن نییە!"
لەبارەی هەڵوێستی چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی، (عەلی عەونی) گوتی: "یەكێتی لەبەر كێشەی ناوخۆیان، سەری ڕێگاكەیان لێ بزر بووە؛ بە داخەوە وەختی خۆی یەكێتی كادیرەكانی لەسەر كەرب و كینە و نەویستنی پارتی و خراپدیتنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەروەردە كردووە؛ ئەو چەند كادیر و پەرلەمانتارەی یەكێتی وەنەبێ گۆڕانیان خۆش بوێت، نا، بەڵكو لەبەر ئەوەی كەربیان كردووەتە نێو دڵیان بۆ ئەوەی شتی باشی پارتی نەبینن؛ هەركەسێك هاوكاری گۆڕان بێت لای ئێمە وەك گۆڕانە، نەك تەنیا ئەو چەند پەرلەمانتارەی یەكێتی، هەركەس و لایەنێك وەك گۆڕان بیر بكاتەوە و بە گوێرەی بەرنامەی گۆڕان كار بكات، لای ئێمە هەر گۆڕانە".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار