دانیشتووانی زومار، سەدا٩٥یان گەڕاونەتەوە

زومار -KDP.info-سەرۆكی ئەنجومەنی شارەدێی زومار دەڵێ بە هۆی شەڕەوە زومار ئاسەواری ژیانی لێ بڕابوو، بەڵام ئێستا سەدا٩٥ـی خەڵكەکەی گەڕاونەتەوە سەر ژیانی خۆیان و ماڵەكانیان ئاوەدان كردووەتەوە و، خەتەری داعش نەماوە و، هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەردانە.
ئەحمەد مەلا حەسەن سەرۆكی ئەنجومەنی شارەدێی زومار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵێك زیاتریشە پێشمەرگە ناوچەی زوماری ئازاد كردووەتەوە؛ دیارە لەبەر شەڕ، ئەو شارە ڕەنگی ژینی لێ بڕابوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە سەدا95ـی خەڵكی گەڕاونەتەوە سەر ژیانی خۆیان و شارەکەیان ئاوەدان كردووەتەوە."
سەرۆكی ئەنجومەنی شارەدێی زومار جەختیشی
كردەوە: "ئێستاکە ئیتر زومار خەتەری داعشی لەسەر نەماوە؛ هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەردانە و بەوپەڕی ورە و تواناوە لە ئامادەباشییەکی تەواودان بۆ هەر جۆرە هێرشێكی تیرۆرییستان."
ئەحمەد مەلا حەسەن ئاماژەی بەوەیش دا كە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاو و كارەبای بۆ ناوچەكە دابین كردووە. ئەڵبەت باڵەخانە حكوومییەكان زۆربەیان كاول بوونە و نەخۆشخانە و شارەوانی تا ئێستا نۆژەن نەكراونەتەوە و كەرەستەیەكی ئەوتۆمان نییە؛ دیارە حكوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە تەرخان نەكردووە و هەرێمی كوردستانیش بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە نۆژەنیان بكاتەوە."
سەرباز واحد




