٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە 30 داعشی دەستگیر كرد

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- ئەم نیوەڕۆیە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیانی قەزای حەویجە خۆیان گەیاندە سەنگەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە؛ ئەفسەرێكی هێزی پێشمەرگە دەڵێ لەنێو هاووڵاتیانی حەویجەدا 30 چەكداری داعشیان دەستگیر كردووە و هێشتایش بە دوای ئەو چەكدارانەوەن كە خۆیان بە ناوی ئاوارە تۆمار كردووە.

نەقیب (سالار ماهر) ئەفسەر لە لیوای یەكی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەشسەد هاووڵاتیی نیشتەجێی قەزای حەویجە و ناحیەی ڕیاز، خۆیان لە ناوچەكانی ژێردەستی داعش ڕزگار كردووە و گەییشتوونەتە سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە مەكتەب خالید، زۆربەی هاووڵاتیانیش لە ژن و منداڵ پێك هاتوون و ئێستا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستیان لەگەڵ داعشدا نییە."

ئەو ئەفسەرەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "پێشتر زانیاریی هەواڵگەریمان هەبوو ژمارەیەك چەكداری تیرۆریستی داعش لەنێو خێزانە هەڵاتووەكان خۆیان دەخزێننە نێو سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە، بۆیە لە كاتی گەیشتنی ئەو 800 هاووڵاتییەی ئەمڕۆی حەویجەدا، توانیمان 30 چەكداری تیرۆریستی داعش  لەنێو هەڵاتووەكان دەستگیر بكەین و لە ژێر دەستی پێشمەرگەدان، هێشتاش لێكۆڵینەوە دەكرێت تا بزانین چەندی دیكە چەكداری داعش لەنێو خێزانەكاندا هەن و هەموویان ناویان هەیە لای ئێمە كە دڵنیاین چەكداری داعشن."

نەقیب (سالار) ئەوەیشی خستە ڕوو: "بەهۆی نزیكبوونەوەی گرتنەوەی حەویجەوە، ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی خۆیان ڕزگار دەكەن و دێنە لای پێشمەرگە، بەڵام بۆ پاراستنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە و ڕێكخستنی پڕۆسەی وەرگرتنی ئاوارە، هەر چوار ڕۆژ جارێك ڕێگە بە هاتنی ئەو هاووڵاتیانە دەدرێت و دوای لێكۆڵینەوەیش ڕادەستی لایەنی پەیوەنداریان دەكەین بۆ ئەوەی لە كەمپەكان جێگەیان بكرێتەوە."

قائید میرۆ

 
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار