٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی شنگال: دوو كارمەندەكە لەلایەن پەكەكەوە تیرۆر كراون.. بەرژەوەندی و دواڕۆژی شنگالیان خستووەتە مەترسییەوە

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێ، ئەو دوو كارمەندەی كە تیرۆر كراون، دوو ساڵە خزمەتی شنگال و هێزی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام بەداخەوە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە تیرۆر كراون، هەر بەوەندەیشەوە نەوەستاون و شەرمەزارانە ئۆتۆمبێلەكەیشیان دزیون.

(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دوو كارمەندەی كە تیرۆر كراون، ماوەی دوو ساڵە وەك ئەركێكی نەتەوایەتی و بە شێوەیەكی برایانە خزمەتی شنگال و هێزی پێشمەرگە دەكەن و سینگی خۆیان كردبووە قەڵغان و بەئەركی پیرۆزی خۆیانیان دەزانی، بەڵام بەداخەوە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە تیرۆر كراون، هەر بەوەندەیشەوە نەوەستاون و شەرمەزارانە ئۆتۆمبێلەكەیشیان دزیون".

(خەلیل) جەختیشی كردەوە: "ئەو هێزانەی پەكەكە كە لەسەر چیای شنگالن، جیاوازییان نییە لەگەڵ ئەو هۆزە عەرەبانەی هێرشیان كردە سەر شنگال و، بەرژەوەندی و دواڕۆژی ئێزدی و شنگالیان خستووەتە مەترسییەوە".

قایمقامی شنگال ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە وەكو مەجلیسی رۆحانی و هۆزەكانی ئێزدیان و ئیدارەی شنگال، داوای كشانەوەی چەكدارانی پەكەكەمان كردووە لە سەرجەم ناوچەكانی ئێزدیان و شنگال بە گشتی، سەرجەم كۆنسووڵخانە و رێكخراوە جیهانییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانمان لێ ئاگادار كردووەتەوە و، شەرمەزارییە بە بەرچاوی هەموویانەوە مەترسی كەوتووەتە سەر مەزار و پیرۆزیی كەمایەتییەك كە ئیزدییەكانن".

ئەو هەروەها راشیگەیاند: "بوونی پەكەكە لە شنگال جێگای مەترسییە و رێگرە بۆ گەڕانەوەی خەڵكی بۆ سەر ناوچەكانی خۆیان، رێگرە لە بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەرانبەر بە ئێزدییەكان كراوە".

(وەیسی عەبدوڵڵا) و (عەبدولمەناف تەها)، فەرمانبەر بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی دهۆك و بۆ ماوەی دوو ساڵە لە ناوچەی شنگال بە شێوەیەكی خۆبەخشانە كاریان دەكرد بۆ چاككردنەوەی ڕێگاوبان و ساترەكانی هێزی پێشمەرگە، دوێنی تەرمی هەردووكیان لە پێچی دووەمی چیای شنگال دۆزراوەتەوە.

سەرباز واحید
 

هەواڵی پەیوەندیدار