تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان، بۆردوومانی داعش دەكەن

خازر-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری خازر رایگەیاند، تۆپخانەكانی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە سنووری میحوەری خازر، بۆردوومانی چەند گوندێكی سنووری دەسەڵاتی داعش دەكەن، بەو هۆیەیشەوە زیاتر لە 7 داعش كوژراون و بە دەیانی دیكەیش بریندار بوون.
موقەدەم (جادر قادر) لە میحوەری خازر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە بە چەكی قورس لە گوندەكانی سنووری میحوەری خازر، بە سەختی بۆردوومانی داعش دەكەن، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەیشدا زیانێكی زۆر بە تیرۆریستانی داعش گەییشتووە و 7 چەكدار كوژران و ژمارەیەكی دیكەیش بریندار بوون".
(قادر) گوتیشی: "لەلایەكی دیكەوە بەردەوام فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆردوومانی بنكەكانی داعش دەكەن و بەو هۆیەوە جگە لە چەندین كوژراو و بریندار، چەند بنكەیەكی داعش خاپوور بوون".
ئەو فەرماندەیەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوەیشی خستە ڕوو: "فڕۆكە جەنگییەكان بەردەوام بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە و بە هۆیەوە چەكدارانی داعش لە جموجۆڵ كەوتوون و لە تونێلەكان نایەنە دەرەوە".
ڕابین شێروانی




