یەزدانپەنا: مانگی 10 و 11، مانگی تێكشاندنی تیرۆریستانی داعشە

كەركووك -KDP.info- فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری كەركووك ڕایدەگەیێنێت، مانگی 10 و 11، مانگی تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعشە و، پێشمەرگەیش پێنج رێگای سەرەكی لە دەستدایە و رۆڵی سەرەكی دەبێت لە ئازادكردنی شاری مووسڵدا.
(حوسێن یەزدانپەنا) فەرماندەی هێزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان لە میحوەری كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "هەروەك پێشبینی دەكرا مانگی 10 و 11 دەتوانم بڵێم مانگی تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و، هێرشی هێزەكانی پێشمەرگەیە لە هەموو ئەو شوێنانەی كە لە دەستی داعشدان، بۆ ئەم مەبەستەیش هێزەكانی پێشمەرگە هەموو ئامادەكارییەكیان كردووە و هەموو ئەو شتانەی كە پێویستە بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گرینگ و چارەنووسسازە كردوویەتی، لەكاتی خۆیشیدا بێگومان هەموو جیهان دەبینێت كە چۆن هێزەكانی پێشمەرگە دەبنە هێزی سەرەكیی رزگاركردنی شاری مووسڵ، هەروەها هێزەكانی ئێمەیش پارتی ئازادیی كوردستانیش لە شەڕی مووسڵ بەشداری دەكەین و رۆڵی دیار و بەرچاومان دەبێت".
(یەزدانپەنا) گوتیشی: "مووسڵ لە چەندین لاوە لە ژێر گەمارۆی هێزەكانی پێشمەرگەدایە، واتا لە سەرجەمی ئەو شەش رێگایەی دەچێتە مووسڵ پێنجیان لە دەستی پێشمەرگەدایە، بۆیە ناكرێت مووسڵ بە بێ بەشداری و رۆڵی كارای هێزی پێشمەرگە ئازاد بكرێت، بەڵام دڵنیام كورد و هێزی پێشمەرگە نەبەردییەكی مێژوویی تۆمار دەكەن لە جەنگە بەناووبانگەكانی جیهان، ئەویش دەرپەڕاندنی داعشە لە مووسڵ".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە، لەبارەی شارۆچكەی حەویجەیش گوتی: "ئەوەی دیارە لەبارەی هێرش بۆ سەر حەویجە هێشتا لە نێوان كورد و بەغدا تەواو ساغ نەبووەتەوە كە ئەو ئۆپەراسیۆنە چۆن بكرێت، لەبەر ئەوەی بەغدا شتی خۆی هەیە و پێشمەرگەیش شتی خۆی، چونكە پێشمەرگە ئامادە نییە بچێتە ژێر فەرمانی هیچ لایەك تەنیا فەرماندەی خۆی نەبێت، لەلایەكی تریشەوە نایەوێت تێكەڵ بە كۆمەڵێك ڕەفتاری هێزە عێراقییەكان یاخود حەشدی شەعبی بێت كە ئەو ئەخلاقەی لە شەڕدا نیشانی داوە تێكەڵ بەوان بێت".
دەشڵێت: "حەویجە لەرووی ئیدارییەوە سەر بە شاری كەركووكە و لە رووی مێژووییشەوە خاكی كوردستانە، هەروەها لە رووی ئەمنیش مەترسیی هەر هێزێكی دژبەر لە و شارۆچكەیە بێت، مەترسی لەسەر كەركووك دەبێت، بۆیە گرینگە پێشمەرگە ڕۆڵ لە ئازادكردنیدا بگێڕێت، بەڵام ئەوەی بۆ كورد و پێشمەرگە گرینگە، یەكەمیان داعش لەو شوێنانە نەمێنێت، دووەمیش ئاساییش و ئەمنییەتی درێژخایەنی شاری كەركووك بە هەموو شار و گوند و دەوروبەریەوە دابین بكرێت، چونكە خاكی كوردستانە و دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئیدارەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی داهاتووی باشووری كوردستان".
نەشوان بەرزنجی




