چاودێرێکی سیاسی: سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەغدا سەرەتای چارەکردنی هەموو كێشەکانە

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا سەرەتایەك دەبێت بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارە ببن؛ دیارە ئەگەر زەمینە لەبار نەبووایە (سەرۆك بارزانی) سەردانی بەغدای نەدەكرد، بەڵام زەمینە خۆش بوو.
(ئازاد سرێشمەیی) چاودێری سیاسیی و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "سەردانی سەرۆكی هەرێم و شاندی یاوەری بۆ بەغدا سەردانێكی زۆر گرنگ بوو؛ ڕێک وەختیەتی، ئاخر هەم بابەتی ئازادكردنی شاری مووسڵ لە پێشە؛ هەم هەرێمی كوردستان قەیران لێی داوە؛ هەولێر و بەغدایش کێشەیان هەیە؛ جا كاتەكە زۆر گونجاو بوو كە شاندێك بە زۆربەی لایەنەكانەوە بچنە بەغدا. هەروابێتەوە هەمیشە باس لەوە دەكرا موزایەدەیەك هەبوو كە گوایە هەرێم پەیوەندیی لەگەڵ عێراقدا پچڕاندووە و پێویستە بگەڕێینەوە بەغدا، وا باس دەكرا كە هەولێر دژی بەغدایە؛ سەرۆكی هەرێم و پارتی بیریان لەوە دەكردەوە ئێمە تا لە عێراقداین بەشێكین لە عێراق، بەڵام ناكرێت لەو عێراقەدا هاوبەش نەبین و بڕیارمان بە دەستەوە نەبێت، ئەو كێشانەی هەن چارەسەر نەبن، بەتایبەتی كێشەی خاك، كێشەی داهات، بۆیە ئەو ساردییە هەبوو، ئەو سەردانە تا ئەندازەیەك توانی ئەو موزایەدەی ئەوانە بە لاوە بنێت و ئەو جۆرە ساردییە نەهێڵێت، ئیتر باسی ئەوە نەكەن كە هەولێر ئیشی بە بەغدا نەماوە، هەروەها سەرەتایەك بوو بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارەسەر بكەن."
گوتیشی: "زەمینەیەكی لەبار هەبوو بۆ ئەوەی (سەرۆك بارزانی) سەردانی بەغدا بكات، چونكە هەمیشە تەئكید لەوە دەكاتەوە، ئەگەر شتێك هەیە لایەنی بەرامبەر ئامادەیی هەیە كێشەكان چارەسەر بكات، من سەردانی هەموو شوێنەكان دەكەم، بۆیە ئامادەكاری هەبووە و بە سەرپەرشتیی ئەمریكا و هاوپەیمانان بووە، بۆیە ئەو سەردانە کرا و دەسكەوتی باشی دەبێت، هەم لەیەك نزیك بوونەوەیەك دەبێت، ناتوانین بڵێن بە سەردانێك هەموو كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام سەرەتایەكی باش بوو بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و كێشەكان چارەسەر بکەین؛ ئەگەر نیەتی باشیش هەبێت كێشەكان چارەسەر دەبن."
سرێشمەیی دەیشڵێ: هەندێك لایەن باس لەوە دەكەن پارتی باسی سەربەخۆیی دەكات و دەگەڕێتەوە بەغدا، (سەرۆك بارزانی) هەمیشە گوتوویەتی، كە ئێمە باسی سەربەخۆیی دەكەین، جارێ ئەوە ئامانجی سەرەكیی هەموو كوردێكە، مافی هەموو كوردێكە، هەروەها باسی لەوە كردووە ئەگەر ئێمە بمانەوێت سەربەخۆ ببین دەبێت بە گفتوگۆ و دانوستان بێت، سەردان بۆ بەغدا ئەوە نییە كە ئێمە وازمان لە هەموو شتێك هێناوە، لەوێ بە ڕاشكاوی باس كراوە كە ئەگەر ئێمە بە شەریكی ڕاستەقینە نەزانن، ئێمە ناچار دەبین ڕێگەی دیكە بگرینە بەر، لە ڕووی ئابوورییشەوە بە هەمان شێوە، نەوتی خۆمان دەرهێناوە، بەڵام ئەوە بە هەماهەنگی دەبێت و قازانجی بۆ هەردوو لا دەبێت؛ وەنەبێ هەرێم شكستی هێنابێت؛ قەیران زۆرە و لە دەسەڵاتی هەرێمدا نییە، ناچارین پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا خۆش بكەینەوە."
ڕابین شێروانی




