٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەكەكە بە كوشتنی دوو فەرمانبەری هەرێم تۆمەتبار دەكرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   هێزەكانی پەكەكە لە چیای شنگال بە كوشتنی دوو فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكرێن و كەسوكاری قوربانیەكانیش دەڵێن، جگە لە چەكدارانی پەكەكە هیچ كەسێكی دیكە دەستی لە تاوانەكەدا نییە و، بە شێوەیەكی دڕندانە بە دەمانچە كوژراون.

سلێمان ئەحمەد برازای یەكێك لە فەرمانبەرانە كوژراوەكان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "وەیسی عەبدوڵا سەعید و عەبدولمەناف تەها فەرمانبەر بوون لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی دهۆك و بۆ ماوەی دوو ساڵە لە ناوچەی شنگال بە شێوەیەكی خۆبەخشانە كاریان بۆ چاكردنەوەی ڕێگاوبان و ستارەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرد؛ دوێنێ هەردوو فەرمانبەر، شەشی بەیانی چوونەتە سەر كار و ئۆتۆمبێڵێكی حكوومەت لە جۆری پیكابیان پێ بووە، بەرلەوەی بگەنە سەر چیای شنگال شایەتحاڵەكان بینیویانە لە بازگەی هێزكانی پەكەكە دەرباز بوونە و نەگەیشتوونەتە بازگەی ئاسایشی شنگال و لە پێچەكانی شنگالدا دیار نەماون."

سلێمان دەیشڵێت: "خزم و كەسی هەردوو شەهیدەكە گەیشتینە چیای شنگال و شایەتحاڵێك پێی ڕاگەیاندین دوو كەس بە پیکابێکی مەرزیەوە چەكدارانی پەكەكە دەستگیری كردوون، ئێمەش چووینە شوێنی ڕووداوەكە و سەرەدانی بارەگایەكی چەكدارانی پەكەكەمان كردووە بۆ سۆراغی كەسوكارمان، لەگەڵ بەرپرسێكی پەكەكە دانوستانمان كرد و، پێی ڕاگەیاندین ڕاستە دوو كەسمان بە ئۆتۆمبێڵێكی پیكابەوە دەستگیر كردووە، بەڵام ئەوانە فەرمانبەرو كەس و كاری ئێوە نین، دووكەسی دیكەن و داوامان كرد لە هێزەكانی پەكەكە ئەو دوو كەسە ببینین، بەڵام پێیان گوتین بۆتان نییە بیانبینن و بڕۆن بۆ سەر چیای شنگال."

سلێمان ئەحمەد گوتیشی: "بەیانی ئەمڕۆ لەگەل هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە تەرمی هەردوو فەرمانبەرەكەمان لە پێچی دووەمی چیای شنگال دۆزیەوە و شوێنەرانی گوللەی دەمانچە بەسەریانەوە دیارە و ئۆتۆمبێلەكەشیان بردووە، دەربارەی ئەوەی گومانمان لە كێ هەیە، داعش دووسەد كیلۆمەتر دوورە لەو ناوچەیەوە، تەنیا گومانمان لە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان هەیە و جگە لە چەكدارانی پەكەكە هیچ كەسێك ئەو دوو فەرمانبەرەی شەهید نەكردووە بۆیە ئێمە چەكدارانی پەكەكە تۆمەتبار دەكەین و لەوانیش زیاتر كەسی تر نییە.

دێوالی بریندار بەڕێوەبەری چاكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی پارێزگای دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "ئەو دوو فەمانبەرە ماوەی دوو ساڵە بەشێوەی پێشمەرگە ئاسا كار لەسە ڕێگاوبانەكانی قەزای شنگال و سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەكەن و دوێنێ كاتی گەڕانەوەیان بۆ كەمپی ڕێگاوبان لە سەر چیای شنگال دیار نەماون و ئەمڕۆ تەرمی هەردوو فەرمانبەرەكە لە لایەن هێزەكانی ئەمنیەوە دۆزراونەتەوە و  بە شێوەیەكی دڕندانە كوژراون، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێكردووە، جارێ ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕێگاوبانی دهۆك هیچ كەس و لایەنێك تۆمەتبار ناكەین، بەڵام لێكۆڵینەوەش دەكەین هەركەس و لایەنێك دەستی لە ڕووداوەكەدا هەبێت ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

لای خۆیشیەوە مەیسەر حەجی ساڵح ئەندامی ئەنجومەنی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تەرمی دوو فەرمانبەری خانەنشینی ڕێگاوبانی دھۆک ئەمڕۆ لە چیای شنگالدا دۆزراوەتەوە کە وەکو خۆبەخش ھاوکاریی پێشمەرگەیان دەکرد؛ کەس نازانێت کێ کوشتوویانی."

مەیسەر حەجی ساڵح گوتیشی: "شەرمەزار بن ئەوانەی ئەو دوو فەرمانبەرەیان کوشتووە؛ زۆر پێی دڵگرانین و، دەستێکی لە پشتەوەیە؛ قەت لە بکوژەکەیان خۆش نابین و، لێی بێدەنگ نابین .

ساڵح ڕوونیشی کردەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە شاندێکی کوردانی ئێزدی سەردانی بابەشێخمان کردووە بۆ ئەوەی فتوایەک دژی ئەو کەسانە بدات ئەو کارەیان کردووە و، ئەو ھێزانەش دەربکرێن کە لە شنگال ناقانوونین وەکو پەکەکە و یەپەژە.

قائید میرۆ-بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار