پەرلەمانتارێكی پارتی: شاندێكی حكوومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا
__2016_10_02_h15m29s30__HK.jpg)
بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات، بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات؛ لە باسی وردەكاریی ڕێكەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدایشدا گوتی: "ساڵی دابێ پشكی هەرێم لە بوودجەی عێراق دەدرێت."
(خۆشەوی خەلیل) ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە شێوەیەكی گشتی ڕێك کەوتوون لەسەر چارەكردنی كێشە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، لەبەر ئەوەش بۆ وردەكاری و چونیەتیی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیارە شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەسەر پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بگەنە چارەسەرێکی گونجاو."
خەلیل گوتیشی: "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پشكی ١٧%ی بوودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بوودجەدا پەسەند كراوە لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵام بە بڕیاری سیاسی بڕدراوە؛ بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا پرۆژەیاسای بوودجە بۆ ساڵی داهاتوو بگاتە پەرلەمان بۆ پەسەندكردن و ئێمەش ڕژدین لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، پێشبینی دەكەین وەك ساڵانی ڕابردوو عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لای خۆی گل نەداتەوە و بەپێی ڕێكەوتنی نێوان هەردوو لا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران بدرێت."
قائید میرۆ




