٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران بە گرینگییەوە دەڕواننە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەر‌دانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەغدا، لەلایەن سەكردە و چاودێرانی سیاسییەوە بە گرینگ وەسف دەكرێت و، سەرۆكی یەكێك لە حزبە كوردستانییەكانیش پێی وایە، لە دوای تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا، گەورەترین شاندی هەرێمە سەردانی بەغدا بكات، نووسەرێكیش دەڵێ، دەركەوت بە بێ كورد و (سەرۆك بارزانی) ناتوانرێ پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ بەڕێوە بچێت. 

دكتۆر (محەممەد بازیانی)، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی چاكسازی و گەشە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەتوانم بڵێم سەردانی شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی هەرێم، لەوەتەی كێشەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا قووڵ بووەتەوە، گەورەترین شاندی هەرێمی كوردستان بوو سەردانی بەغدا بكات، چونكە زۆربەی زۆری لایەنەكانی هەرێمی كوردستانى تێدا بوون، شاندی هەرێم تا رادەیەكی زۆر توانیویانە پەنجە بخەنە سەر برینەكان، لە بەرانبەر ئەو قسانەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق و لایەنی شیعی كردوویەتی، قسەگەلێكن تا رادەیەكی زۆر ئارامی دەبەخشێ بە دڵ و دەروونی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، وەك سیاسەت زۆر جاران ئەم جۆرە قسەمان بەر گوێ كەوتووە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، چونكە بەغدا بە بێ كورد ناتوانێ مووسڵ بگرێتەوە، هەروەها پێگەی كورد لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی رۆژ بەڕۆژ گەورە دەبێت، هەبوونی كەسایەتییەكانی نێو شاندی هەرێمیش، جێی بایەخە كە كەسی كاریگەرن لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان هەر لە پارتییەوە تا یەكێتی و یەكگرتوو و تا دوایی".

رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی چاكسازی و گەشە دەشڵێ: "ئەوەی من تێیگەییشتووم لە (حەیدەر عەبادی) ئەگەر جێبەجێی بكات، ئەوە بێگومان رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان باشتر دەبێت و بوودجەی هەرێم باش دەكرێ، لە هەمان كاتدا ئەو دڵەڕاوكێیەی بە هۆی تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و عێراق دروست بووە، نامێنێ و پێگەی كوردیش بەهێزتر دەبێت، ئەوەی من دەمەوێ بڵێم زیاتر ئەوەیە، دوای گرتنەوەی مووسڵ دەكەوینە قۆناغێكی دیكەوە، پێویستە شاندی كوردی ئەوە بە بەغدا رابگەیەنێ، كورد مافی هەیە چارەنووسی خۆی دیاری بكات، هەرچەندە لەوانەیە وەختی ئەوە نەبێت باسی لێوە بكەین، چونكە ململانێیەكی زۆر توند لەنێوان (عەبادی) و (مالیكی) هەیە، لەسەر ئەوەی كامەیان لە داهاتوودا لەو پۆستەدا دەبن، بە تایبەت ئێستا (عەبادی) زۆرتر چانسی هەیە و پەسەندترە لە (مالیكی)، لە كاتی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستانیش دەركەوت لەنێو شەقامی شیعی كێ بەهێزترە".
(بازیانی) گوتیشی: "(عەبادی) پێویستی بە پشتگیریی هەرێمی كوردستان هەیە و دوێنێ سەرۆكوەزانی عێراقیش ئاماژەی بەوە كرد پێویستی بە كورد هەیە و گوتی، یەكڕیزیی كوردمان لا مەبەستە، ئەوە مەسەلەیەكە بەرژەوەندیی تایبەتی ئەوی تێدایە، لەبەر ئەوەی لەكاتی بەدەستهێنانی پشتگیریی كورد، چانسی كەمتر بۆ (مالیكی) دەمێنێتەوە، لە هەمان كاتیشدا پشتگیریی ئەمەریكایش پێویستە بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق و كاریگەریی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی دەستوەردانی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا لەسەر عێراق".
سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆییش دەڵێت، سەردانی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، زۆر گرینگ بوو، چونكە ھەندێك لایەن لە ھەرێم و بەغدا دەیانەویست كێشە لە نێوان ھەردوو لا دروست بكەن، بۆیە (سەرۆك بارزانی) بەو سەردانە رێگری لەو كارە كرد.
(دیندار دۆسكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەردانی شاندی كوردی بۆ بەغدا زۆر گرینگ بوو لە زۆر رووەوە، لەوانە پێكھاتەی شاندەكە كە كەسایەتیی جیاوازی جیزبەكانی تێدا بوو كە بۆ یەكڕیزی زۆر باشە، بە تایبەت بۆ ھەندێك پرسی نەتەوەیی كە ئەمەیش دڵخۆشكەر بوو بۆ ھەموو خەڵكی كوردستان ئەوانەی كە لەخەمی دۆزی گەلی كوردن، جگە لەوەیش عێراق لە بەردەم گۆڕانكاریدایە بە تایبەت ئازادكردنی مووسڵ، چونكە نەمانی ئەو مەترسییە بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر باشە و ھەرێمی كوردستانیش رۆڵی دەبێت لە ئیدارەكردنی ئەو شارە دوای داعش، لەبەر ئەوەی ژمارەیەكی زۆر كوردی لێیە و دەتواندرێت مافی ئەوان بەدەست بێنین".
(دۆسكی) ڕوونیشی كردەوە، ئەم سەردانە ھەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو، چونكە ھەندێك خەڵك كاریان دەكرد و ئێستاش كار دەكەن بۆ ئەوەی كێشە بخەنە نێوان ھەرێم و بەغدا و لایەنەكانی ھەرێمیش، تەنانەت سەرۆكوەزیرانیش باسی لەوە كرد ھەندێك لایەن لە ھەرێم و بەغدایش ھەوڵ دەدەن ناكۆكی لە نێوان ئێمە و ھەرێم دروست بكەن، بۆیە ئەمە رێگریكردن بوو لەو كارە".
قائید میرۆ-بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار