"سەردانی شاندی هەرێم زۆر گرینگ بوو.. نەمانی یەكجاریی داعش لە مووسڵەوە دەست پێ دەكات"

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان ڕایدەگەیێنێت، سەردانەكەی شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەغدا زۆر گرینگ بوو لەو هەلومەرجە سیاسی و سەربازییەی ئێستادا. گوتیشی، لەناوچوونی یەكجارەكیی داعش لە مووسڵەوە دەست پێ دەكات.
(د. سەباح سوبحی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكەی شاندی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) بۆ بەغدا، هەنگاوێكی زۆر گرینگ بوو لەو هەلومەرجە سیاسی و سەربازییەی ئێستادا، بە تایبەت لە كاتێكدا ئێمە هەنگاوی زیاتر بۆ سەربەخۆیی دەنێین، دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ دراوسێكانمان باش بێت، عێراقیش یەكێكە لەم دراوسێیانە و لە ڕووی كولتووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە تێكەڵاوییەكی زۆرمان هەیە".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ڕوونیشی كردەوە: "دەبێ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەر چارە بكرێن، خۆ ئەگەر عێراق تا ئێستایش هەر كێشەی بۆ دروست كردووین، بەڵام باوەڕیان بەوە هەیە دەبێت پەیوەندییان لەگەڵ ئەو دەوڵەتە كوردییە باش بێت كە بڕیارە دابمەزرێندرێت".
(سوبحی) ئاشكرایشی كرد: "دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمەریكا بڕیاری دا داعش لە چەند مانگێكی داهاتوودا بوونی نەمێنێت، لەولایشەوە مەترسییەكانی داعش لەسەر ئەورووپا رۆژ بەرۆژ فراوانتر دەبێت، ئیدی دەركەوت لەناوچوونی یەكجارەكی داعش لە مووسڵەوە دەست پێ دەكات، چونكە بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ داعش ئەگەر لەناویش نەچێت، زۆر بچووك و لاواز دەبێتەوە، هەر چەندە قۆناغی دوای داعش بۆ ئێمە سەختتر دەبێت".
پێنجشەممەی ڕابرد، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەریی شاندێكی باڵا سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیران و سەركۆمار و سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانی عێراق و سەرۆك و ئەندامانی هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی شیعەدا كۆ بووەوە.
سەرباز واحید




