شاخەوان عەبدوڵڵا: پارە بە پەرلەمانتاری كورد دراوە.. دەیانزانی سەردانەكە بۆ بابەتی سەربەخۆییە و خۆیان لێ بەدوور گرت

بەغدا -KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(شاخاوان عەبدوڵڵا)، ئاشكرای دەكات، ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی دوو ڕۆژە كەوتوونەتە دژایەتیكردنی سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا و لێدوانی ئاگرین دەدەن و دژی سەربەخۆییی هەرێم قسە دەكەن، پێشووتر پارە و داهاتی زۆریان پێ دراوە تا ئەم كارە بكەن.
(شاخاوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پەرلەمانتارە كوردانەی دوو ڕۆژە كەوتوونەتە دژایەتیكردنی سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا و لێدوانی ئاگرین دەدەن و دژی سەربەخۆییی هەرێم قسە دەكەن، زانیاریم هەیە لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەكانەوە زانیاری و ڕێنوێنییان پێدراوە كە لە كۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێم و بەرپرسانی عێراق باس لە سەربەخۆییی هەرێم كراوە و تا بەشێەوەیەكی ئاشتیانە هەرێم جیا ببێتەوە و پرسەكە بەرەوپێش چووە، بە، تایبەت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆیە ئەوانیش كەوتوونەتە خۆ و بەهەموو شێوەیەك دژایەتیی دەكەن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرایشی كرد: "پێشووتر ئەو پەرلەمانتارە كوردانە پارە و داهاتی زۆریان پێ دراوە بۆ ئەوەی لە دژی سەربەخۆییی هەرێم و، دژی خەڵكی هەرێم قسە بكەن، ئەمڕۆیش دووبارە وەكو چەكێك بەكار دەهێندرێنەوە دژی سەربەخۆیی و سەردانی شاندە باڵاكەی هەرێم. هەر لە سەرەتاوە دەیانزانی سەردانەكە بۆ بابەتی سەربەخۆیییە بۆیە خۆیان لێی دوور گرت. بەڵام لە ڕاستیدا پرۆسەی سەربەخۆیی زۆر لەوە گەورەترە كە بە وتە و كردەوەكانی ئەم پەرلەمانتارانە لەبار بچێت."
(شاخاوان عەبدوڵا) جەختیشی كردەوە: "ئێستا هەوڵی ئەم گرووپە پەرلەمانتارە ئەوەیە بزانن چیی لەناو ڕێككەوتنە نهێنییەكاندا هەیە تا ئەوانیش بە نەیارانی كورد و دژبەرانی سەربەخۆییی بدەن و، هانیان بدەن بۆ تێكدانی؛ بەڵام ئەمان و هاندەرەكانیان زۆر بچووكن لەئاست پرۆسەی سەربەخۆییی هەرێم و ناتوانن بە ئاواتەكەیان بگەن، خۆ (سەرۆك بارزانی) لە سەر ئاستی كورستان و عێراق و جیهان لە هەوڵدایە و، تائێستا بە سیاسەتە حەكیمانەكەی زۆر نزیك كەوتووینەتەوە لە سەربەخۆبوون."
سەرباز واحد




