٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرانی سیاسی: بەرپرسیارەتیی دۆخی ئێستای کوردستان لە شانی هەموو لایەنەکە نەک تاکە لایەنێک

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە ئەو كێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەن، لە ئەستۆی هەموو ئەو حزب و لایەنانەی بەشدارن لە حكوومەت، نەك تەنیا لایەنێكی سیاسی، بەڵكو هەر یەك لەو حزبانەی بەشدارە لە حكوومەتی بنكەفراوان، كە هەر یەكە و بە پێی قەبارە و سەنگی خۆی بەرپرسیارەتیان لە ئەستۆدایە، دەبێت هەموومان ئەو ئەركە قورسە هەڵبگرین بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین بۆ نەمانی ئەو كێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە.

(قەهار سەمەد) چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ:  "بەرپرسیارەتی ئەو كێشە و گرفتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەن، دەكەوێتە ئەستۆ هەموو ئەو حزب و لایەنانەی بەشدارن لە حكوومەت، هەر یەكە و بە پێی قەبارە و سەنگی خۆی، بەرپرسیارەتییان هەیە لە هەر كێشەیەك كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات."

گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە، لە عێراقیش هەمان شت هەیە، ئێمەیش وەك هەرێمی كوردستان بەشێكین لە عێراق، هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ لە عێراق هەن، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بە تایبەتی ئەو شەڕەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، ئێمە لە حاڵەتی جەنگدانین، هەروها زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، كە هەموو ئەمانە بوونەتە بارگرانی لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەموو نەتەوە و ئاینەكان لە كوردستان جێگەیان بۆ كراوەتەوە، هەرێمی كوردستان تابلۆیەكی جوانی پیشانی جیهان داوە، كە كورد دۆستی ئاشتی و لێبۆردەییە و جگە لە مافەكانی خۆی هیچی دیكەی ناوێت، بۆیە دەبێت هەموومان ئەو ئەركە قۆرسە هەڵبگرین بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین بۆ نەمانی ئەو كێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە."

(هیوا سدیق) مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ئەو حكوومەتەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، حكوومەتی بنكەفراوانە، لە حكوومەتی بنكەفراوان بەرپرسیارەتی كێشەكان تەنیا لە ئەستۆی حزب و لایەنێك نیە، بەڵكو هەموو لایەنەكان دەبێت بەرپرسیارەتی ئەو كێشانە بگرنە ئەستۆ، هەر یەكە و بە گوێرەی قەبارەی خۆی، كە لەو حكوومەتە بنكە فراوانە بەشدارە، بۆیە بە بڕوای من دەبێت هەموو لایەنەكان بچنە ژێر بەرپرسیارەتی و پێكەوە هەوڵبدەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نەك هەر لایەنكێك لە ڕاگەیاندنەكانی خۆی باسی لایەنەكانی دیكەی ناو حكوومەت بكات."

زیاتر دەڵێ: "دەبێت هەموو لایەنەكان بە تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ ببێتەوە و بەرنامەیەكی توكمە دابنێت و بەسەر كێشەكاندا زاڵ ببێت  و چارەسەری كێشەكان بكات، دەبێت چارەسەری كێشەكان لە بنەڕەتدا بكرێت و هەموو لایەنەكانیش هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، نەك لایەنەكان، تەنیا لایەنێك تاوانبار بكەن."

(سالار محەمەد) چاودێری سیاسی لە دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەو قەیرانانەی كە ئێستا ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، قەیرانێك نین كە ئێستا دروست بووبێتن، ئێستایش ئەو لایەنانەی بەشدارن لە حكوومەتی بنكەفراوان بە پێی بەشداربوونی خۆی  دەچێتە ژێر باری كەموكوڕییەكانەوە، هیوادارین هەموو لایەكەكان بە بەرپرسیارەتییەوە  مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتەدا بكەن، بە تایبەتی لایەنەكانی بەشداربووی كابینەی هەشت؛ هەروەها پێم وایە ئەگەر لایەنێك، لایەنەكانی دیكە لە ناو حكوومەت تاوانبار بكات  و ڕاست دەكات با لە حكوومەت بكشێتەوە، بۆ ئەوەی ڕاستی قسەكان دیار بێت، بەڵام  هەموو ئەوانەی بەشدارن لە حكوومەت بە پێی سەنگی خۆیی دەبێت ئەو ئەركە هەڵبگرێت و هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان."

(محەمەد) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد،  ئەو لایەنانەی لە حكوومەت بەشدرن، بە  پێی تەوازن و قەبارەی خۆی لە حكوومەتدا كەموكووڕی و ئەو قەیرانانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە بەشی خۆی بەردەكەوێت، حكوومەت لە چەند حزبێك پێكهاتووە، بۆ نموونە كێ ڕێگەی لە وەزیرەكانی ئەو لایەنانەی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون، هەتا ئەوانەی پێشتریش لەناو حكوومەت بوونە گرتووە بۆ چارەكردنی كێشە و گرفتەكانی ناو وەزارەتەكەی خۆی، ئەگەر كەسێك ڕێگری دەكات با دەست لە كار بكشێتەوە و بەڵگەكان بخاتە ڕوو، پێم وا نییە كەس ڕێگر بێت، بەڵام خۆیان نایانەوێت پەنجە لەسەر كەموكوڕیەكان دابنێن، هەموو ئەو لایەنانەی لەناو حكوومەتن متمانەیان بە یەكدی نییە، هەر یەك لە لایەنەكان دەیەوێت  لە لایەنەكەی دیكە بدات و بریندار بكات، ئەگەرنا با هەموویان پێكەوە هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار