دەرگایەكی نوێ بە ڕووی گفتوگۆ و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوەتەوە

بەغدا ـKDP.infoـ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات كە سەردانی شاندەكەی هەرێم زەمینە سازیەكی زۆر باشی كردووە، بۆ ئەو شاندەی دوای ئەوان سەردانی بەغدا دەكاتەوە، دەرگایەكی نوێ بەروی گفتوگۆ و كێشەكاندا كراوەتەوە چونكە ئەوانەی كۆ بوونەتەوە كەسانی گەورە و خاوەن بڕیارن لە هەردوو لا.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند مەلەفێكی گرنگ لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بوونی هەبوو یەكلایی نەكرابوونەوە. دوواتر گەیشتینە قۆناخی گفتوگۆ و ڕێكەوتن و یاسادانان، بەڵام بەغدا یاساكانی جێبەجێ نەكرد. كاتێكیش لێمان دەپرسین كە بۆچی ئەم یاسایانە جێبەجێ ناكەن بەغدا بە بەیاننامە وەڵامی ئێمەیان دەدایەوە، وەک دەزگایەكی ڕاگەیاندن، كاریان تەنها بەیاننامەدەركردن بوو!"
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "لە كاتێكدا سەرەشاندەکەی هەرێم بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە بەغدادان، هەندێك لایەن نایانەوێت بەغدا و هەرێم ڕێك بكەون و، كێشەیان نەمێنێت، چونكە بوونی لایەنانە لەسەر بوونی كێشەكان وەستاوە، ئەگەر كێشە نەمێنێت ئەوانیش بوونیان نامێنێت. بەڵام خۆشبەختانە ئەم تەلیسمە شكاو ئەوەتا هەرێم و بەغدا گفتوگۆ دەكەن و ئیرادەی سیاسی لە هەردوو لا هەیە بۆ نەمانی كێشەكان."
)جاف) ئاماژەیشی دا: "چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەندێكی دەوەستێتە سەر جێبەجێكردنی یاسا وەكو بابەتی مووچەی پێشمەرگەو فەرمانبەرانی هەرێم و پارەی جوتیارانی هەرێم، هەندێكیشی لە ڕێگای دانانی یاساوە دەبێت وەكو یاسای نەوت و گاز، بەشێكیشی پێویستی بە كۆ بوونەوە و دانیشتنی زیاتر هەیە وەكو بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێم. سەردانی شاندەكەی هەرێم زەمینەسازیەكی زۆر باشی كرد بۆ ئەو شاندەی هەرێم كە دوای ئەوان سەردانی بەغدا دەكاتەوە و دەرگایەكی نوێ بەروی گفتوگۆ و كێشەكاندا كراوەتەوە چونكە ئەوانەی كۆ بوونەتەوە كەسانی خاوەن بڕیار و باڵان لە هەردوو لا."
سەرباز واحد




