عەلی حوسێن: لە بەغدا ئایندەی پیكەوەكاركردن داڕێژرایەوە..پرسی سەربەخۆیش پێشوازی لێ کراوە

هەولێر-KDP.info- عەلی حوسێن دەڵێ، لە كۆبوونەوەكانی شاندەكەی هەرێم لە بەغدا بابەتی ئازادكردنەوەی مووسڵ و شەڕی تیرۆر باسی لێوە كراوە و ئایندەی پیكەوەكاركردن داڕێژراوە. گفتووگۆی نوێش دەربارەی سەربەخۆییەوە كراوە و لەلایەن مەركەزیشەوە پێشوازی لێكراوە.
(عەلی حوسێن) ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندی دروستكردنی بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش، ڕاوێژی وڵاتانی زلهێز و هاوپەیمانان بۆ ڕزگاركردنەوەی مووسڵ و شەڕی دژ بە تیرۆر ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێم و(سەرۆك بارزانی)ـیە.
سەرەرای بەرەوپێشچوونەكانی هەرێم بەڵام بەشێوەیەكی یاسایی ئێمە هەر بەشێكین لە عێراق و هەر دوو لا پێویستمان بەیەكە، لە خاڵی شەڕی دژ بە تیرۆر و ئازادكردنەوەی مووسڵیش هاوبەشین."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی جەختیشی كردەوە: "ئێمە دوژمنداریمان لەگەڵ كەس نییە، بەڵام تیبینیمان لەسەر شێوەی مامەڵەو شەڕاكەت و سیاسەتەكانی حكوومەتی ناوەند هەبووە، بۆیەش (سەرۆك بارزانی) بەشێوەی شاندێكی گشت گیر سەردانی بەغدای كردووە."
)عەلی حوسێن) ئاشكراشی كرد: "لە كۆبوونەوەكانی شاندەكەی هەرێم لە بەغدا بابەتی ئازادكردنەوەی مووسڵ و شەڕی تیرۆر باسی لێوە كراوە و ئایندەی پیكەوەكاركردن داڕێژراوە. بابەتی دارایی و مووچە و بوودجەش خراوەتە ڕوو گەیشتوونەتە چەند خاڵێكی هاوبەش. باس لە بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كراوە كە ئەگەر هەردوو لا نەگەیشتنە شەراكەتێكی ڕاستەقینە ئەوا با دوو دراوسێی باشی یەكتر بین، دەرگای گفتووگۆ لە بابەتی سەربەخۆیدا كراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی دروست بگەینە سەربەخۆیی."
ڕایشیگەیاند: "شاندە حكوومییەكەی ڕابردووی هەرێم باسی لە بابەتی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان كردبوو، ئەمجارەش گفتوو گۆی نوێی لەبارەوە كراوەو سەرەتایێكی ئەرێنییە و لەلایەن مەركەزیشەوە پێشوازی لێ كراوە. لە جیهانیشدا گرنگیەكی زۆر بەو سەردانەی شاندەكەی هەرێم دراوە و چاوەڕوانی ئەنجامەكانین، پێكهاتەكانی عێراقیش بە سەردانێكی ئەرینی و مەزنی لەقەڵەم دەدەن."
٢٩ـی ئەیلوول (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە یاوەری شاندێك گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومی و حزبی و سیاسیی عێراق كۆ بوونەوە.
سەرباز واحد




