مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەری ساڵی كۆچی پیرۆز دەكات

ههولێر-KDP.info- بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كۆچییەوە، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان، سەری ساڵی كۆچی پیرۆز دەكات و ئومێدەواره ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی پتەوكردنی زیاتری گیانی برایەتی و تەبایی و یەكدەنگی بێت.
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كۆچییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین، هیوادارین ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە مایەی خێروخۆشی و كۆتاییهێنان بە ئێش و ئازار و دەردەسەرییەكان و هاندەری زیاتری چەسپاندنی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بێت بۆ تێكڕای چین و توێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، هەروەها مایەی دوورخستنەوە و وەلانانی بیروبۆچوون و خولیای توندوتیژی و شەڕانگێزی و لێكترازانی كۆمەڵایەتی بێت لە ناو كۆمەڵەكەماندا.
ئاشكرایە ئەمڕۆ گەلەكەمان بە هەلومەرجێكی نەخوازراو و نالەباردا رەت دەبێت، بۆیە ئومێدەوارین ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی پتەوكردنی زیاتری گیانی برایەتی و تەبایی و یەكدەنگی بێت، بە تایبەتی لە رووی چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسوودەیی و ئارامی و رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان و تیرۆریستانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، هەروەها یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان و هەنگاونان بەرەو چارەكردنی كێشە و گیروگرفتەكان و گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامی.
جارێكی دیكە یەكی موحەرەمی سەری ساڵی(1438)ـی كۆچی لە سەرجەم موسڵمانان پیرۆز بێت.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
2 ـی تشرینی یەكەمی 2016ـی زایینی
1 ـی موحەرەمی 1438ـی كۆچی




