وەزیری پەروەردە: هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنی كێشەی ماموستایان دەدەین.. بایكۆتكردن چارەسەر نییە

مەخموور-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە مەراسیمی لێدانی زەنگی یەكەم رۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن گوتی: "بەڵێن بێت هەموو هەوڵێك بۆ چارەكردنی كێشەی ماموستایان و مافە رەواكانیان دەدەین، بەڵام بایكۆتكردن كێشەكە چارە ناكات".
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ڕێككەوتی (١/١٠/٢٠١٦)ـی زایینی، (د.پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەییشتە مەخموور و بە ئامادەبوونی قایمقامی مەخموور و بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی هەولێر، بەشداری مەراسیمی زەنگلێدان و هەڵدانی ئاڵای كوردستان و گوتنەوەی سروودی (ئەی ڕەقیب)ـی كرد.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور، پاش بەخێرهاتنی وەزیری پەروەردە، گوتی: "ئێمە نابێ ئەوە لەبیر بكەین كە ئەم خوێندن و وەستانەمان بە ئازادی لێرە، ماندووبوون و شەونخوونی و خوێندانی هێزی پێشمەرگەی قارەمانە و ئەوە بە هۆی نەبەردیی ئەوانەوەیە كە ئەوڕۆ توانیومانە لێرە كۆ ببینەوە، ئێمە كۆڵ نادەین، ئێمە بایكۆت ناكەین، ئێمە ناهێڵین منداڵە پێشمەرگە و منداڵی شەهیدانی سەربەرزی كوردستان بێ قوتابخانە و خوێندن بمێننەوە، ئێمە هەموومان پێشمەرگەین، دڵخۆشین ئەمساڵ كە ساڵی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بوو بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، یەكەم زەنگی دەسپێكی خوێندن لێ دەدرێت".
پاشان وەزیری پەروەردە وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: "گەرمترین پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایانی خۆڕاگر و دایك و باوكە بەڕێزەكان دەكەین بە بۆنەی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠١٦ ـ ٢٠١٧)ـی زایینی و هیوادارین ساڵەكەمان بە سەركەوتووییەوە بەڕێ بكەین و نەوەیەكی زانستپەروەر پێبگەیێنین و وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی داكۆكیكاری ماف و خواستە ڕەواكانی مامۆستایانە و بەردەوامیش دەبێت، ئێمە بە هەوڵی هەموو لایەك هەوڵی گۆڕانكاریمان لە مووچەی مامۆستایان دا، بۆیە هەوڵەكان تا ڕادەیەك ئەنجامیان هەبوو و زیادكردنێك بۆ مووچە كرا، بەڵام ئەم زیادكردنە ڕەنگە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبێ لەسەر دۆخەكە، هەرچەندە ئەمە كاتییە و بە هەر گۆڕانكارییەك لە دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییش لەم بڕە پارەیەدا دەكرێت".
گوتیشی: "ئەمساڵیش كە وەك ساڵی ڕابردوو هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی قورسدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ڕادەیەكی زۆر هەوڵی چارەسەری كێشە و گرفتەكانی بواری پەروەردەمان داوە و چەندین ملیۆن كتێب و هەزاران ڕەحلەمان دابین كردووە و لەگەڵ ڕێكخراوەكان و بە تایبەت یونیسێف سەرقاڵی تەواوكردنی ئەو (٣٠) قوتابخانە تەواونەكراوانەین كە بە هۆی قەیرانی ئابووریی هەرێمەوە بە نیوەناچڵی مابوونەوە".
وەزیری پەروەردە باسی لەوەیش كرد: "ئەمڕۆ كە لێرەین و یەكەم زەنگی دەستپێكی خوێندن لێ دەدەین، دڵنیاین لەوەى كە ئێوەی خۆشەویستیش تەواوكەری هێزی پێشمەرگەی قارەمانن، چونكە مامۆستا و پێشمەرگە بە مانای بەردەوامبوونی ژیان دێن و تا ژیانیش بەردەوام بێت پەروەردە بەردەوام دەبێت و ئێمە وەك وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانی ئێوەین، بەڵام ئێمە لەگەڵ بایكۆت و كڵۆمدانی دەرگای قوتابخانەكان نین، چونكە بایكۆت چارەسەر نییە و نابێتە هۆی چارەكردنی كێشەكانمان".
(پشتیوان سادق) راشیگەیاند: "پێویستە لە خوێندن بەردەوام بین و نەهێڵین چرای زانست بكوژێتەوە و سوپاسی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەكەین كە لەگەڵ ئێمە و بەردەوام لە هەوڵدا بوون بۆ گەیاندنی داواكارییەكانی مامۆستایان و چارەسەركردنی دۆخەكە و بەڵێن دەدەم كە بەردەوام لەسەر خەت دەبین لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ چارەكردنی كێشەكانی مامۆستایان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانیان و، هیوادارین هەموومان هەستكردن بەو بەرپرسیارەتییە قورسەی لەسەر شانمانە، هەوڵ و ماندووبوونەكانی هێزی پێشمەرگەی قارەمان بەفیڕۆ نەدەین، هەموو پێشمەرگە و فەرماندەیەك لە كوردستان جێگەی ڕێز و حورمەتی ئێمەن و ماندووبوونی ئەوان میكانیزمی بەردەوامبوونی خوێندن و پەروەردەیە لە هەرێمی كوردستاندا".
بڵند ئیبراهیم




