٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فازڵ میرانی: قوتابخانەی بارزانی بووەتە چەتری هەموو لایەنە جیاجیاكانی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان فازڵ میرانی ڕایگەیاند کە، قوتابخانەی بارزانی بووتە چەتری هەموو لایەنە جیاجیاكانی كوردستان؛ مافیان پارێزراوە و بە برایانە و هێمنی لە كوردستاندا دەژین.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی پێشوازیی لە شاندی (رابطە الكلدانیە) و هەڤاڵ سیان كرد.

لە دانیشتنەكەدا وێرای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی مێوان فازڵ میرانی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە كۆنگرەی یەكەمی كلدانی عێراق و جیهان كە لە هەولێری پایتەخت كۆتایی بە كارەكانی هێناوە؛ بە دڵنیایی ڕاسپاردە و ڕێنماییەكان خزمەتی پرنسیپەكانی مرۆڤایەتی و پێكەوەژیان دەكات.

میرانی باسی دواپێشهات و گۆڕانكارییەکانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەیشی كرد. هەروەها باسی گیانفیداییەکەی هێزەكانی پێشمەرگەیشی کرد کە چۆن بەرگری لە كوردستان و، هەموو پێكهاتەكانی دەکا. ئاماژەی بەوەیش دا كە سەقامگیریی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سایەی شەونخونی و گیانفیداییەکەی برا پێشمەرگەكانمان و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و هاوكاری هاووڵاتییانە كە دەبینی كوردستان بووەتە ژینگەیەكی باش بۆ ئەو پێكەوەژیان و ئازادییەی ئێستا.

شاندی مێوان زۆر سپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسییان كرد بۆ ئەم پێشوازیە گەرمەی كە لێیان كراوە و سپاسی بەرێزیان كرد بۆ بەشداربوونییان لە كۆنگرەكەیاندا. و سپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە سەرەڕای بوونی شەڕ و تەحدیاتی ئابووری مێوانداری سەدان‌هەزار ئاوارە لە برا مەسیحیەكان و نەتەوەی ئایینی جیاجیان كردووە كە ئەمەش نیشانەی ڕەوشتبەرزیی ئەم گەلەیە.

هەروەها سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك مەسعوود بارزانی یان هەبوو كە وەك پێشمەرگەیەك سەركردایەتی شەڕی داعش دەكات و پاراستنی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی.

لە كۆتاییدا فازڵ میرانی وتی كە گەلی كوردستان بڕوایەكی تەواویان بە پێكەوە ژیان هەیە و پارتی و سەرۆك بارزانی باوەری تەواوییان بە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا هەیە كە بە ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن .

قوتابخانەی بارزانی بووەتە چەتری هەموو لایەنە جیاجیاكانی كوردستان كە مافەكانیان پارێزراوە و بە برایانە و هێمنی لە كوردستاندا دەژین.

هەواڵی پەیوەندیدار