سیاسەتمەداران، بە سەردانەكەی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا گەشبینن

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدار و شارەزایانی سیاسەت دەڵێن، سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، لە ئێستادا زۆر گرینگە و گەشبینیشن بە ئەنجامەكەی، بەوەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندە باڵاكەدایە، بۆیە بەغدا ناچار دەبێت بە شێوەیەكی زۆر جیددی گوێ لە بەرپرسانی كورد بگرێت.
(د. مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد، لەم بارەیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لای من ئەم سەردانەی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر گرینگە، ئومێدەواریشین ئەو گفتوگۆیانەی دەیكەن سوودیان هەبێت و چارە بۆ كێشەكان بدۆزنەوە".
(عوسمان) ڕاشیگەیاند: " گرینگ ئەوەیە (بارزانی) كە گەڕایەوە، شاندێك لە بەغدا بمێنێ تایبەت بن بە گفتوگۆ، چونكە گفتوگۆ بە یەك رۆژ و دوو و سێ رۆژ ناكرێت و پێویستە لەبەغدا بمێننەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان بەردەوام بن لە گفتوگۆ".
دەشڵێت: "سەردانەكە جێگای گەشبینییە، چونكە كێشەكانی ئێمە زۆری لە بەغدایە و پەیوەندییان بە بەغداوە هەیە، لەبەر ئەوە سەردان پێویستە و پەیوەندیی نێوان (بارزانی) و (عەبادی)ـیش باشە، بۆیە ئەنجامی سەردانەكە بێگومان پۆزەتیڤ دەبێت".

لەبارەی هەمان سەردانەوە، (د. ساڵح مەلاعومەر) پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "گرینگیی سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەوەدایە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەل شاندی باڵای سیاسی سەردانی بەغدا دەكات، بۆیە بەغدایش ناچار دەبێت بە شێوەیەكی زۆر جیددی گوێ لە بەرپرسانی كورد بگرێت و، دەبێت خۆی یەكلا بكاتەوە".
(مەلاعومەر) گوتیشی: "پێم وایە ئەم شاندە سیناریۆی تر دەخاتە بەردەم بەرپرسانی بەغدا، لەوانەیش ئەگەر ناتوانین لەگەڵ یەكتری بژین، با دوو دراوسێی باشی یەكتر بین بەبێ ئەوەی كێشە بۆ یەكتری دروست بكەین، چونكە بۆ بەرپرسانی بەغدا ناچێتە سەر هاووڵاتیانی هەرێم برسی بكەن و لە هەمان كاتیشدا وەك خۆیان دەڵێن عیراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە".
ئەو هەروەها ئاماژەیشی دا: "سەردانی ئەمجارە بە شێوەیەكی گشتی دەچێتە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییە گشتییەی كە (سەرۆك بارزانی) دایڕشتووە بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەچەوسێنەوە، سەرۆكی هەرێم كە سەردانی توركیا و فەڕەنسایشی كرد بە بەرپرسەكانیانی ڕاگەیاند كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكەین و ئەگەر جیایش ببینەوە، زۆر بە ئاشتیانە دەبێت، بە باوەڕی من (سەرۆك بارزانی) لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی تارانیش دەكات و ڕاشكاوانە بە بەرپرسانی ئەوانیش دەڵێت ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كورد وەكوو هاووڵاتیی پلە دوو مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت".
نەشوان بەرزنجی




