یەكگرتووی ئیسلامی: پێكهاتەی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا، گرینگیی خۆی هەیە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ، سەردانەكەی ئەمجارەی هەرێم گرینگە، هەر لە پێكهاتەی شاندەكەوە بگرە تا ئەو پرسانەی لە نێوان شاندی هەولێر و بەغدادا باسیان دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩-٩-٢٠١٦، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا دەكات بۆ بەغدا.
پێوەست بەم سەردانە، (فەرهاد مەلاساڵح) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرووی ئیسلامیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكەن و پێكهاتەی شاندەكەیش گرینگیی خۆی هەیە بەوەی كە لایەنە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدایە، ئەو دۆسیانەی لەلایەن ئەو شاندەوە دەخرێنە ڕوو، گرینگترینیان مافی چارەنووس و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستانن، بابەتێكی تریش شەڕی داعشە، چونكە هاتنی داعش كۆمەڵێك گرفتی نوێی بۆ عێراق و كوردستان دروست كردووە".
(مەلا ساڵح) گوتیشی: "بابەتێكی زۆر گرنگیتر ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە، بەپێی یاسا و دەستوور ڕێگە بە هەرێمی كوردستان دراوە ڕیفراندۆمی خۆی بكات و، ئەم بابەتانەیش پێویستیان بە لێكتێگەیشتن هەیە لە نێوان هەولێر و بەغدادا، لە هەمان كاتدا كاتی سەردانەكە زۆر گرینگە و لە ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی گەورەی وەك ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ پێشوازی لەو سەردانە دەكەن، كە بێگومان كاریگەریی باشی دەبێت و زەمینەیەكی باش دروست دەكات بۆ ئەوەی هەولێر و بەغدا لەسەر كۆمەڵێك پرس ڕێك بكەون".
فایزە كۆیی




