٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شۆڕشی ئەیلوول.. بەیداغی نەمری

سەرچاوە: KDP.info

عوسمان عەلی وەیسی

شۆڕشی ئەیلوولی کوردستان لە پێناو خاک و گەلدا بووە نەک بۆ هێنانەدی یان سەپاندنی ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت، خۆڕسک و خۆماڵی و کوردستانیانە بووە، بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئازادی نەک سەرخستنی بەرەی سۆشیالیستی یان کۆمپرادۆرێک بووە.
شۆڕشی کوردستان ململانێی ناوخۆی گەلێک یان بۆ گۆڕینی سروشتی شکڵ و شێوەی حکوومەتێک نەبوو بۆ شیوەیەکی تر بە پێناسە ئەفلاتوونیەکەی، شۆڕشی دەورانی مێژوویی نەبوو کە بیەوێت بارودۆخێکی هەبوو لە رووی سیستەماتیکەوە بگۆڕێ، بە شێوەیەکی تووندوتیژی، چونکە ئەو گۆڕان و تووندوتیژیانە لە مێژوودا تووندوتیژییان نوێ کردووه‌تەوە، شۆڕشێک نەبوو تادەست بە سەر دەسەڵاتدا بگرێت و بە دروشمەکانی یاسای سرووشتی مژدەیەکی بە هەشتی بدات، بەڵکو بەرنامە و میکانیزم و پەیامێک بوو.
باوکی دامەزرێنەر و رابەری شۆڕشی کوردستان بارزانی مستەفا، بە دیدێکی هاوچەرخ، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشەکانی کوردستان و کۆماری مەهاباد و، دیراسات و خوێندنی ئەکادیمیای سۆڤیەتی و مێژووی گەلان، وەک ئامرازێک، بوونە هەوێنی رابوونی شۆڕشی نیشتمانیی ئەیلوول، لە ناو کۆمەڵگەی خێڵەکیی هاڕراوی دەستی مێژوو، شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی و ستەمکاریی حکوومەتی عێراقی و داگیرکەرانی کوردستان.
ئەیلوول رەوتێکی نوێ بوو، یادەوریی کولتووری گۆڕانخوازی دامەزراوەیی و سیستەماتیکی بوو، بۆ واقیعی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و رۆشنبیری و کولتووری و، پێگەی تاک و کۆ، بە رای ئێمە، پێدراوەکانی لە رووی عەمەلییەوە و، دەقەکانی لە رووی تیۆرییەوە و، بەرهەمەکانی لە رووی پراکتیکەوە، نە پێش خۆی بووە و، نە دوای خۆی ئیزافەیەکی بەرچاوی بۆ نەکراوە.
ئەیلوول تا ئیستا شای رابوون و شۆڕشەکانە، هیچ رەوتێک بە ئەندازەی ئەیلوول گۆڕانی نەوعی دروست نەکردووە، لە ماوەی 14 ساڵدا هەر وێستگەیەکی شاکارێکە.
لە ئەیلوولدا زیاتر لە سەرکەوتنێک هەیە، شۆڕش بە پیرۆزی و سەرکەوتن گەیشت، لە رووی رۆژهەڵات و رۆژئاودا، کارەکتەری کوردستانی لە ستراتیژ و تاکتیکی ئەو دژانە سەرکەوت.
رێبازی ئەیلوول تا ئەمڕۆیش تاکە مەنهەجیەتە کە دژ بە "ستەمکارانی ئازادی" بە دیدێکی روونەوە لە خەباتی کار و گوتاردایە. هەرگیز لە دژبەریدا نەژیاوە. ئەگەر شۆڕشە نیشتمانییەکانی کوردایەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە بۆ سەربەخۆیی بووبن، ئەیلوول چەخماخە و پەیمانێکی نوێ بوو، لە زەمەنێکی یەکجار هەستیار و دژواردا کە بەرهەمی عەمەلی بەخشییە مێژووی سیاسی و نەتەوەییمان.
شۆڕشگێڕێتیی ئەیلوول بۆ ئازادیی کوردستانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی هەمەلایەنە بوو، وانەکانی بۆ هەمیشە زیندوون. ئەیلوول نە هەڵگەڕانەوە و نە کودەتا و نە جەنگی ناوخۆیی بوو، رابوونی گەلێکی ژێردەستە و چەوساوە بوو کە کۆتی دیلیی پساند و، پەیوەندییەکی مێژووییی نوێی ناوخۆی دامەزراوەیی لە ناوخۆ و لە بەرانبەر داگیرکەراندا دروست کرد.
ئەیلوول شۆڕشێکە تەنها بۆ لایەنی خەباتی چەکداری رەوا لە هەناوی مێژوودا نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێ بوو کە لە دوای شۆڕشی مەزنی شێخ عوبەیدوڵلا رابوونێکی تر نەبووە ئەکتێک و پێناسەیەکی نوێ و بەردەوامی هەبێت.
بزاڤی رازگاریخوازی کوردستان، پێناسەی راستەقینەی لە ئەیلوول و رەمزە بەردەوامەکانی وەردەگرێت، هەرگیز ناکرێ بە دەمارگیری و بێئاگایی رێکكەوتنەکانی 1964 و 29ی حوزەیرانی 1966 و 1970 و 1974 و 1975 خوێندنەوە و تێفکرین و رامانیان بۆ بکرێت. ناکرێ بەبێ زانینی واقیعی ئەوکاتی ژیانی هەمەلایەنەی کوردستانی، گۆڕانکارییە مەزنەکانی نادیدە بگیرێن.
ئەیلوول لەدایکبوونێکی نوێ بوو لە زەمەنێکی بێ بواردا، دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانی لە رێگەی ئەیلوولەوە دەگاتە لووتکە و لە دوای سایکس پیکۆوە رەهەندی ناوخۆیی مافە رەواکانی کوردستانی بۆ جیهانی دەگوازێتەوە.
مێژوو پێمان دەڵێ: هەموو دیاردەیەکی نوێ پێویستی بە وشە و ناسینی نوێ هەیە، ئەیلوول بە داڕشتنی وشەیەکی نوێ بۆ گوزارشت لە ئەزموونێکی نوێ، مانایەکی مێژوویی بەردەوامی هەڵگرتووە، ئەویش زیندووێتیی بەرنامە و پڕۆگرامی کوردستانیانە لە دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتوودا، کە رێنسانسێکی شۆڕشگێڕی بەرپرس بوو، چەمکەکانی ئازادی و دادپەروەری، ژیانی مەدەنی و دیموکراسی لە گوتار و کردەوەدا چەسپاند.
ئەیلوول بە پێچەوانەی زۆر لە حزب و رێکخراو و بزووتنەوەکانی کوردستان بە تایبەت لە باشوور و بە تایبەتیتر دوای نسکۆی ئەیلوول، لە سەر بنەمای  گوتاری پلانگێڕی و نەیاری کەسی و حزبی و سیاسی و، هاندان و دنەدانی خەڵک لەسەر بنەما و تێزی فیکری و، ئاڵۆزی و پشێوی و پاشاگەردانی و، سڕینەوەی هاونیشتمانیانی زێد و نیشتمان و جێگرەوەی ئەم و کلاسیکیەتی ئەو و نوێخوازیی ئەوی تر نەبوو، بەڵکو تیۆرێکی کوردستانی بوو بۆ گۆڕانکارییەکی بەردەوام و هەمیشەیی، کە: نیشتمان و خاک و ئاو و هاونیشتمانیانی وڵاتی خۆمانین و بەرگری لە بوون و مانەوەمان دەکەین و، ستەم و ژێردەستی و کۆیلایەتی رەت دەکەینەوە، بەم پێوەرەش پەروەردەیەکی نیشتمانیی مرۆڤدۆستی ئامادەی بۆ وەرچەرخان دروست کرد، کە دابڕانێکی هەمە لایەنە بوو لە زهنیەتی کۆمەڵگەی کوردستانی و، بە شێوازی جۆراوجۆر ئەیلوول لە سەیرورەیەکی بەردەوام و دینامیکیەتێکی گۆڕانکاریی بەردەوامە و، بەم پێیە لە دیدی زانستییەوە هەرگیز ئەیلوول، مانا و وانە و بەخششەکانی ئاوا نابن. 
 

هەواڵی پەیوەندیدار