٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسه‌تمه‌داران: توركیا و په‌كه‌كه‌ به‌پیر پڕۆسه‌ی ئاشتییه‌وه‌ نه‌یه‌ن، زیانبار ده‌بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سیاسەتمەدار و شارەزایان پێیان وایە، سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتی توركیا گرینگییەكی زۆری هەبوو بۆ بەرەوپێشچونی كەرتی ئابووری و برەودان بە دیپلۆماسیەت و پەیوەندییەكان. جەختیش ده‌كه‌نه‌وه‌ "دەبێ توركیا و پەكەكە بەدەم داواكەی (بارزانی) بڕۆن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكوور، ئەگەرنا ڕەوشەكەیان لێ تێك دەچێت و زۆریان زیان بەردەكەوێت."

23ـی ئەم مانگە، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی سەرۆككۆماری توركیا سەردانی وڵاتی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتەدا كۆبوویەوە، لەكۆبوونەوەكانیشدا زۆر بابەتی گرینگ و هەستیار خرانە ڕوو.

ئەگەر توركیا بە جیددی بەپێر داواكەی (سه‌رۆك بارزانی)یەوە نەیەت بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی، زەرەرێكی گەورە دەكات و ڕەوشەكەیان لێ تێك دەچێت.
ده‌ربارەی ئه‌م پرسه‌، (د.مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا باس لە برەودانی پەیوەندییەكان كراوە، بەتایبەت لە باری ئابووری و بازرگانیدا، چونكە توركیا باسی لەوە كردووە كە چەند خاڵێكی سنووریی تر لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە."
  (د. مەحموود عوسمان) باوه‌ڕی وایه‌ كه‌، پرۆسەی ئاشتی بە شێوەیەكی ئاسان ناكەوێتەوە كار؛ چونكە كۆسپێكی زۆری لە بەردەمە و كێشەی زۆری تێكەوتووە.
ئه‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ دوا و گوتی، ''ئەوەتا توركیا ئێستا خەریكی هێرشكردنە سەر كوردە و مامەڵەیەكی شەڕخوازانە دەكات، كە ئەمەش خراپ بۆیان تەواو دەبێت و زۆر زیانیان بەر دەكەوێت. ئەوەتا لە رووی گەشتوگوزارەوە زۆریان لە كەمی داوە و هەر ڕۆژە و تەقینەوەیەك لە شارەكان ڕوو دەدات و دەیان كێشەی تریشیان بۆ دروست بووە."

(د. مەحموود عوسمان) جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: "ئەگەر توركیا بە جیددی بەدەم داواكەی (بارزانی)یەوە نەیەت بۆ بەگەڕخستنەوەی پرۆسەی ئاشتی، زەرەرێكی گەورە دەكات و ڕەوشەكەیان لێ تێك دەچێت و زەرەرێكی گەورە دەكەن. بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە توركیا و پەكەكە بەگوێی (بارزانی) بكەن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ، بابێن لە هەولێر كۆ ببنەوە و دانیشتن بكەن، (بارزانی) ناوبژیوانییان بكات تا ڕێك دەكەون. با (ئۆجەلان) ئازاد بكەن و داواكانی جێبەجێ بكەن، كە داوای شتی گەورەشی نەكردووە بەشێوەیەك كە ئۆتۆنۆمییشی ناوێت، بەڵكو هەندێك ماف و داواكاریی هەیە لە توركیا."

هه‌وڵه‌كانی بارزانی، پاڵپشتین بۆ سێ پارچه‌كه‌ی دیكه‌یش
پڕۆفیسۆر (د. خەلیل ئیسماعیل) شارەزای جیۆگرافیای سیاسی بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانەكانی (كاك مەسعوود) بۆ وڵاتانی دنیا بە گشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی، گرینگی و تایبەتمه‌ندیی خۆی هەیە؛ بەتایبەت لەو قۆناغەی ئێستاماندا. دواسەردانیشی بۆ وڵاتی توركیا زۆر لەجێ بوو، جەنابیشی دووپاتی كردەوە كە دەستكەوتی گەورە لەم سەردانەدا هەبووە. لەلایێكی تریشەوە چونی بۆ ئەورووپا گرینگیی زۆری هەیە بۆ كوردستان بە گشتی."

ئەو شارەزایەی جیۆگرافیای سیاسی ئاماژەیشی دا: "ئەمێستا ئێمە زۆر پێویستمان بە پەیوەندیی ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسی هەیە لەگەڵ جیهاندا بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ، ئەم سەردانانەی (كاك مەسعوود)یش پاڵپشتییەكە بۆ دەستكەوتەكانی باشوور و سێ پارچەكەی تری كوردستان."

(د. خەلیل ئیسماعیل) ڕایشیگەیاند: "(كاك مەسعوود) وتەیەكی هەیە دەڵی، (سەد ساڵ دانوستان باشترە لە سەعاتێك شەڕ)، (بارزانی) لە توركیا هەوڵی زۆری داوە تا پرۆسەی ئاشتی وەگەڕ بخرێتەوە و هەردوو لا دەستبەرداری ئەم شەڕەی ئێستایان بن، ئەم هەوڵانەش زۆر پیرۆزن و دەبێ هەردوو لا بەپیرییەوە بچن، ئەگەرنا لە هەموو ڕوێكەوە زیانیان بەردەكەوێت."

پڕۆسه‌ی ئاشتی ده‌ست پێ بكاته‌وه‌، به‌رهه‌مدار ده‌بێ
ئەو تەوەرانەی (سەرۆك بارزانی) لە توركیا گفتوگۆی لەسەر كردووە بابەتی زۆر هەستیارن، (عەبدولسەلام مەجید شاكر) مامۆستای زانكۆ و شارەزای كاروباری توركیا وای بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانە فەرمییەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ وڵاتی توركیا زۆر گرینگ بوو، چونكە ناوچەكەمان بەرەو گۆڕانكارییەکی نوێ دەڕوات. (بارزانی)ـیش لە ناوچەكە خاوەن پێگە و كەسایەتییەكی بەهێزە و دەتوانێت ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لە گۆڕانكارییەكاندا و، بە قازانجی گەلی كورد گۆڕانكارییەكان تەواو دەكات."

ئەو شارەزایە ڕوونیشی كردەوە: "ئەو تەوەرانەی (سەرۆك بارزانی) لە توركیا گفتوگۆی لەسەر كردووە بابەتی زۆر هەستیارن، لەوانەش بابەتی داعش، دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكوور، بەهێزكردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەردوو لا، برەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا."

ڕایشیگەیاند: "(سەرۆك بارزانی) ڕۆڵێكی گرینگی هەبووە لە نزیككردنەوەی بیر و بۆچوونی پەكەكە و توركیا و بنیاتنەری پرۆسەی ئاشتی بوو، بۆیە ئێستایش هەموو لایێك چاویان لەوەیە كە دووبارە لەسەر دەستی ئەو پرۆسەی ئاشتی وەگەڕ بخرێتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم هەوڵەی ئەم جارەی بەرهەمی زۆر باشی هەبێت و ئاشتی ڕوو لە باكوور بكات، كاریگەرییەکی ئەرێنیشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێ."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار