پارەی سەرپێچیی كامێرا دەبێتە قیستی مانگانە

ههولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆ داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و ژیانی هاونیشتمانیان سزای سەرپێچی كامێراكانی هاتووچۆ بكرێتە قیستی مانگانە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەر داوە.
(كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند، بەفەرمی داوایان لە حكوومەت كردووە بە لەبەرچاوەگرتنی بارودۆخ و ژیانی هاونیشتمانیان و ئەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی خەڵك بووەتەوە، بڕی سزای سەرپێچی كامێراكانی هاتووچۆ بكرێتە قیستی مانگانە.
(شنگالی) گوتیشی: "ئەو كێشەیە تەنیا بەو میكانیزمە دەتوانرێت چارەسەر بكرێت و هاووڵاتیان سەرپێچییەكانی هاتووچۆ بەشێوەی قیستی مانگانە بدەن". ئەم بڕیارە بەپێی رێنمایییەكی نوێ پەیڕەودەكرێت و بەپێی زۆری سەرپێچییەكە دەبێت، واتا ئایا ئەو سەرپێچییەی هەیە چەندە و چۆن دەخەمڵێندرێت، دابەشی سەر مانگانەكەی دەكرێت و لەوبارەیەوە وەزارەتی ناوخۆ بارودۆخ و ژیانی شوفێران رەچاودەكات.
وەزیری ناوخۆ روونیكردووەتەوە، ئەو بڕیارە لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجەشممەی رابردوو 25-8-2016 ی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتووەتە قۆناخی كۆتایی و وەك پڕەنسیپی بڕیار دراوە، بەم زووانە دەخرێتە واری جێبەجێكردنەوە و چاوەڕوانی دەرچوونی بڕیار دەكرێت.




