ئەنجوومەنی نوێنەران، دەنگ لەسەر وەڵامەكانی زێباری دەدات

بهغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەمان لەگەڵ (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق كرد، ئەمڕۆ دەنگ لەسەر وەڵامەكانی دەدەین".
(د.ئەشواق جاف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دواكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، لێپێچینەوە لەگەڵ (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق كرا، كە 12 پرسیاری لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی كرا، ئەویش وەڵامی هەر هەمووی دایەوە بە بەڵگە و بە شێوەیەكی زۆر ڕوون و یاسایی، بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر وەڵامەكانی (زێباری) دەدرێت لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە."
(جاف) گوتیشی: "وەڵامەكانی وەزیری دارایی زۆر ڕوون و بەڵگەدار بوون، بەڵام بەداخەوە بەشێكی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران وا راهاتوون لەسەر راستی و دروستیی وەڵامەكان بڕیار نادەن. ئەگەر بەپێی بەڵگە و وەڵامەكان بێت، دەبێ وەڵامەكانی (زێباری) بە دروست بزانن، بەڵام ئەگەر بچێتە خانەی تەسفییەی سیاسییەوە، ئەوا هەندێك لایەن هەن كە (زێباری)ـیان بە ئامانج گرتووە."
سەرباز واحید




