٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ شاندێكی ئەمەریكاییدا شەڕی دژەتیرۆر و ئازادكرنەوەی مووسڵیان تاوتوو كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارە بكات و لە ڕووی سەربازییشەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دیدار و كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دەدرێت.

پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی 26-8-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە سیناتۆری كۆماریی ویلایەتی تێكساسی ئەمەریكا (جۆن كۆمی) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سیناتۆری ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان و دلێری و چاونەترسیی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی ئەفسانەی تیرۆرستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی ئەمەریكایشی پێشكەش بە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.

لە هەمان كاتدا باسی لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ كرد و بە پێویستی زانی كە بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو لە نێوان هەولێر و بەغدا و هاوپەیماناندا هەبێت و نیگەرانییەكانی خەڵكی مووسڵ و لایەنە سونییەكان بڕەوێنرێتەوە بەوەی كە مافی هەموو لایەك پارێزراو دەبێت. بەڕێزیان پاڵپشتیی خۆیشی دەربڕی بەوەی پێویستە لە كاتی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی و تێبینییەكانی بەڕێز سیناتۆری كۆماریی ئەمەریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا كە، هەرێمی كوردستان هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە پێشوازی لە لێقەوماوان بكات، بەڵام تواناكانی هەرێمی كوردستان سنووردارە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی ئەمەریكا، هەوڵ بدەن هاوكاریی پێویست پێشكەش بە هەرێمی كوردستان بكەن، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ وڵاتانی هاوپەیمان بە تایبەتی ئەمەریكا پیشان دا كە هەر لە سەرەتای هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعشەوە، هاوكاریی سەربازییان پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردووە.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیش، (نێچیرڤان بارزانی) ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ بەغدا چارە بكات و لە ڕووی سەربازییشەوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دیدار و كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی هەماهەنگییەكی زیاتر بكرێت، بەڵام پێویستە بەرچاوڕوونییەكی تەواو بۆ ڕەوشی سیاسی، ئەمنی، كۆمەڵایەتی، ئاوەدانكردنەوە و مرۆییی مووسڵ هەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا كە پێشمەرگە توانی سەركەوتنی زۆر گەورە لە دەوروربەری مووسڵ بەدەست بهێنێت و ژمارەیەك بەرە بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە و ئەو ناوچانەی كە لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون، بكاتەوە.

تاوتووكردنی ڕەوشی ناوچەكە بەگشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەمبارەیەوە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار