٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شەبەك داواكاریه‌كانیان ئاراستەی هەرێم، بەغدا، نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهان ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

بەردەڕەش-KDP.info- ئەمڕۆ لە قەزای بەردەڕەش، نزیكەی چوار هەزار كوردی شەبەك خۆپیشاندانێكیان ئەنجام دا و، تێیدا چوار داواكارییان خستە ڕوو، لەوانە، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە بەشداری لە رزگاركردنی ناوچەكانیاندا نەكات.

نوێنەری كۆتای شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (مەلا سالم شەبەك)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە بەردەم قایمقامییەتی قەزای بەردەڕەش خۆپیشاندانێكمان ئەنجام دا كە نزیكەی چوار هەزار كوردی شەبەك تێیدا بەشدار بوون و، لەو خۆپیشاندانەدا چوار داواكاریمان هەبوو، لەوانە تەنیا هێزی پێشمەرگە ناوچەكانمان ئازاد بكەن و جگە لەو هێزە هیچ هێزێكی دیكە بەشدار نەبێت، خاڵێكی دیكەیش ئەوەیە كە دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگایەكی دیكە بە ناوی برایەتی و بەشێك بێت لە هەرێمی كوردستان و، خاڵی سێ یەم ئەوە بوو كە بە زووترین كات ناوچە ئازادكراوەكانی ئێمە ئاوەدان بكرێنەوە و كۆتا خاڵیش ئەوە بوو كە داوامان كرد جگە لەو دوو فەوجەی بۆ كوردی شەبەك دروست كراون، فەوجی سێیەمیش دروست بكرێت و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بن".

(شەبەك) گوتیشی: "ئێمە جگە لە هێزی پێشمەرگە و ئەو فەوجانەی خۆمان، رێگە بە هیچ هێزێكی دیكە نادەین بێتە ناوچەكانمان بۆ ئازادكردن و دوای ئازادكردنیشی".

نوێنەری كۆتای شەبەك  دەشڵێت، بڕیارە ئەو داواكاریانە ئاراستەی حكوومەتی هەرێم و بەغدا ونەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی جیهانیش بكرێن و بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ قایمقامی بەرەدەڕەش بە ناوی حكوومەتی هەرێمەوە داواكاریەكانی ئێمەی وەرگرت و ئاڕاستەی حكوومەتی دەكات".

شەبەك لە دەشتی نەینەوا ٥٦ گوندیان هەیە، كە تاوەكو ئێستا شەش لەو گوندانە ئازاد كراون.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار