ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی فەرەیدوون جوانڕۆیی بەرز ڕادەگیرێت

پیرمام-KDP.info- ئەمڕۆ لە پیرمام، بنەماڵەی شەهیدی سەركردە (فەرەیدوون جوانڕۆیی) بۆ تێپەڕاندنی ساڵێك بەسەر شەهیدبوونەكەیدا، دەچنە سەر گڵگۆی شەهیدی سەركردە و بەڵێن دووپات دەكەنەوە كە بەردەوام بن لەو رێڕەوە خەباتەی كە بنەماڵەكەیان و (جوانڕۆیی) تەمەنی خۆی كردە خەڵات بۆی.
(فەرەیدوون جوانڕۆیی) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشمەرگەیەكی بەوەفای رێبازی پیرۆزی (بارزانی) و فەرماندەیەكی چاونەترس، بەر لە ساڵێك لە كاتی گەڕانەوەی بۆ بەرەكانی جەگ دەچێتە كاروانی شەهیدان و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە پێشمەرگایەتی و بنەماڵەكەی و هاوڕێ و حزبەكەی دەكات.
رۆژی 25/8/2016 وەك یادكردنەوەی ئەو رۆژە نەخوازراوەی كە پەڵە هەورێكی ڕەش شاری داگرتبوو، سەركردەیەكی لە گەل و نیشتیمان و كوردستانی سەندەوە. بنەماڵەكەی بۆ دووپاتكردنەوەی بەڵێن و بەردەوامی رێبازەكەی لەگەڵ بەشێك لە هاوڕێ و خزمانیان دەچنە سەر گڵگۆی شەهیدی سەركردە (فەریدوون جوانڕۆیی).
هەر لەو رۆژەدا بنەماڵەی شەهید هەڵدەستن بە هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر ماڵەكەی خۆیان، بۆ ئەوەی ژیانیان لە ژێر ئەو ئاڵا پیرۆزەدا تەواو بكەن و بەردەوام بن لە رێڕەوی شەهیدی سەركردە و پارێزەری ئەو ئاڵایە بن كە (مەلا مستەفای بارزانی) گەیاندوویەتیە ئەم رۆژە.




