"گرەنتی بۆ مانەوەی پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكان تەنها لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیدا كۆ بووەتەوە"

هەولێر-KDP.info- د. مووسا کەڤاڵ دەڵێ، سیاسەتی هەندێك وڵات لەسەر بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەوەستێت. توركیاش بەرژەوەندییەكی زۆری لەگەڵ كورددا هەیە و، دەبێ گرێنتی ئەوەش هەبێت كە ئەگەرهاتو ئەم بەرژەوەندیانە كەمی كرد پاشەكشە لەپاڵپشتی و پەیوەندیەكان نەكەن، گرەنتیش بۆئەو بابەتە تەنها لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیدا كۆ بووەتەوە كە بە بوونەدەوڵەت و سەربەخۆیی و ددانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانە بە گەلی كورد.
(د. مووسا كەڤاڵ) ئەكادیمییست و شرۆڤەكاری سیاسی تایبەت بە كاروباری توركیا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەموو سەردان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی (سەرۆك بارزانی) گرینگی و بایەخێكی زۆریان هەبووە بەتایبەت پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتێكی وەكو توركیا كە هەم وڵاتێكی گەورەیە و هەم دراوسێی هەرێمیشە. ئەم پەیوەندیانەش لە بەرژەوەندیی كورددایە بە گشتی و هەنگاونانیشە بۆ سەربەخۆبوونی باشوری كوردستان."
ئەو ئەكادمییستەو سیاسەتشیكەرە ڕایشیگەیاند: "زۆر گرنگە وڵاتی توركیا هەبوونی كورد وەكو نەتەوەیەك قەبووڵ بكات كە تائێستا ئەم هەنگاوەی نەناوە. بەڵام كە دەبینین ئاڵای كوردستان لە پێشوازی سەرۆكی هەرێم داندراوە و لە ئاستی باڵادا بەرپرسانی توركیا بە شێوەیەكی دیفاكتۆ دان بە سەرجەم مافەكانی كوردانی باشووری كوردستاندا دەنێن و كێشەیان لەگەڵیدا نییە زۆر گرینگە."
دەیشڵێ، بەڵام نابێ لەبیر بكەین كە سیاسەتی هەندێك وڵات وەكو بەختەباران وایە و جارجار هەوری تێدەكەوێت و لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەوەستێت. ئاخر دەبێ ئەو راستییە بزانین كە توركیا بەرژەوەندیەكی زۆری هەیە لەگەڵ كورددا. بۆیە دەبێ گرێنتی ئەوەش هەبێت كە ئەگەر هاتوو ئەم بەرژەوەندیانە كەمی كرد پاشەكشە لە پاڵپشتی و هاوكاری و پەیوەندییەكان نەكەن. گرەنتیش بۆئەو بابەتە تەنها لە هەوڵەكانی سەرۆك بارزانیدا كۆبۆتەوە ، كە بە بوونەدەوڵەت و سەربەخۆبوونی كورد و دانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانە بە گەلی كورددا، سەرجەمیشیان هەر بارزانی هەوڵیان بۆ دەدات."
جەختیشی كردەوە: "تا كورد سەربەخۆ نەبێت هیچ گرەنتیەك بۆ كورد نییە لە بابەتە سیاسییەكاندا."
لەبارەی كەوتنەوەكاری پرۆسەی ئاشتی لە توركیادا (كەڤاڵ) پێی وایە "دەست پێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری كوردستان سوودێكی زۆری هەیە بۆ وڵاتی توركیا و پەكەكەو باشوورو پارچەكانی تری كوردستان. هەموو كوردی هەرچوار پارچەش باوەریەكی زۆریان بە (سەرۆك بارزانی) هەیە بۆئەوەی هەوڵەكانی چربكاتەوە تا پرۆسەی ئاشتی بكەوێتەوە كار."
سەرباز واحد




