ڕوشدی: سەردانەکەی بارزانی دڵخۆشکەرە.. کورد باخەڵی پڕ دەبێ لەم گۆڕانکارییەی ناوچەکەدا

هەولێر-KDP.info- لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، عارف ڕوشدی راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی تیشک دەخاتە سەر ئامانجی سەردانەکە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆژەی ئاشتی.
ناوچەکە گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت
دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ تورکیا قسەکانی سەرۆک بارزانی کە باسی لە گۆڕانکارییەکی گەورە کردووە لە ناوچەکەدا، ڕوشدی ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانی بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکدایە کە نزیکین لە کۆتاییی شەڕی داعش و وەک هەموو ڕووداوە گەورەکانی جیهان ئەم کۆتاییەی داعش دەرهاوێشتەی خۆی دەبێت، ئاشکراشە لە ناوچەکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەییی بارزانی ڕۆڵێکی قارەمانانەیان بینوە لە ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا و ئەرکێکی قورسیان لەشان گرتووە کە لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆر دەکەن؛ بۆیە چۆن بارزانی ڕۆڵی بەهێزی هەبووە لە ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و داعشدا ئاواش لە کۆتاییپێهێنانی داعش و لێکدانەوەی قۆناغی دوای داعش ڕۆڵی دەبێت؛ ئومێد دەکەین ئەو وڵاتانەی کە ئێستا پشتگیری پێشمەرگە و بارزانینە لە ڕووبەڕوبونەوەی داعش لە داهاتوودا بۆ قۆناغی دوای داعش ئەو هاوکاریە بەردەوامی پێ بدەن و، هاوکار بن لە ئیدارەدانی دوای نەمانی داعش؛ دیارە ئەمڕۆ جەنابی سەرۆک بارزانی لە تورکیا زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکی گەورە کردووە لە ناوچەکەدا و، جەختی لێی کردەوە."
کورد بێبەش نابێت لە گۆڕانکارییەکان
لەبارەی ئەگەری بێبەشکردنی کورد لە گۆڕانکاریەکان راوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتیی دیموکراتی کوردستان پێی وایە کە چوونی بارزانی بۆ تورکیا و هاوکات بانگێشتکردنی بۆ ئەروپا دواتر ئێران مانای وایە کورد بێبەش ناکرێت لە گۆڕانکاریەکان و لەچوار چێوەی گۆڕانکاریەکاندایە، بۆیە کورد بێ بەش نابێت و بەدڵنیایەوە مافەکانی خۆی وەردەگرێت چونکە ئەگەر سەیری نەخشەی سەربازی و سیاسی ناوچەکە بکەین دەبینین کە کورد یاریەکی جوان لەناوچەکە دەکات بەتایبەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەفەرماندەی بارزانی لە جۆرێ مامەڵە کردن لەگەڵ ڕووداوەکان هەنگاوی حەکیمانە دەنرێت کە ئەمەش مایەی دڵخۆشییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کورد بگاتە مافەکانی خۆی.
ئیدارەی ئەمەرکیا پشتیوانی لە بارزانی و پێشمەرگە دەکات
بڕیارە مانگی ١١ هەڵبژاردن لە ئەمەریکا بکرێت و گۆڕانکاری لە ئیدارەی ئێستای ئەمەرکیا بکرێت بۆیە هاتنی جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ تورکیا لە کاتێکدایە سەرۆک بارزانیش لە تورکیایە ئەمە چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە، روشیدی بەرانبەر بەم پرسیارە پێی وایە کە، ئەمەرکیا هەمیشە لەسەر خەت بووە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین هەڵمەتی کۆمەک و مەشقیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هاوکاریان بۆ کورد کردووە، ئەمەریکا دەزانێت ناتوانێت ڕۆڵی کورد لەم گۆڕانکاریانە نادیدەبیگرێت، و ئەمەریکا کوردستانی وەک ژمارەیەکی گەورە خەمڵاندووە و حسابی تایبەتی بۆ دەکات بۆیە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان کوردستان و ئەمەریکا یان سەرکردایەتی ئەمەریکا و بارزانی بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ناوچەکە بەلایەکدا دەکەوێت.
بارزانی بێهیوا نەبووە لە پرۆسەی ئاشتی
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بارزانی پێی وایە کە هێشتا پرۆسەکە کاتی دەوێت و دەبێت دەرفەت بدرێت بە یەکتری؛ ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی پارتی لەو بارەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سەرۆکی هەرێمی خەمخۆرێکی بەئەمەکی ئەو بابەتەیە، چونکە بە یەک چاو سەیری کێشەی کورد دەکات لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا؛ لە زەمانی ئۆزاڵەوە تائێستا لەسەر خەت بووە بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان گەلی کوردستان و تورکیادا هەبێت و بەدی بێت و ئێستاش بێهیوا نەبووە لە پرۆسەی ئاشتی بەڵام بە ڕاستی پرۆسەی ئاشتی گرێیەکی دروست کردووە بەتایبەتی گرژییەکانی ئەم دواییە پەکەکە لەگەڵ تورکیا شەڕی زۆر لە تورکیا بووە بێ متمانەی پەیدا بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی گوتی بێهیوا نین واتە بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانی خۆیان بۆیە دەبێت لایەنی دیکەش بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت.
با ئەم دەرفتە لەکیس نەدەین؛ مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات
لەبارەی سەردانی بارزانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا و چوونی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، عارف ڕوشدی دەڵێت: "دەبێت هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوە بزانین کە بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی لەسەر شانی هەموومانە؛ با واز لەو بێنەوبەردانە بێنین؛ هەموومان ببینە پشتیوانی سیاسەتە نەتەوەییەکەی بارزانی بۆ ئەوەی لەم قۆناغە مێژووییە دەستبەتاڵ دەرنەچین؛ چونکە ئەم دەرفتە لەکیس بدەین مێژوو ڕەحم ناکات؛ جا بڕیارە ئەم سەردانەی بارزانی درێژەی هەبێت؛ سەردانی ئەوروپا و ئێرانیش دەکات."
کارزان سەباح هەورامی




