٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاوەدوونانی سەرکردە و ئەندامانی ئەنەکەسە بەردەوامە.. ١٢ـیان لە زیندانەکانی پەیەدەدان

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  بەرپرسی کۆمیتەی ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، گرتنی سەرکردە و ئەندامانیان لەلایەن پەیەدەوە بەردەوامە، ئەوەتا ١٢ کەس لە سەرکردە و ئەندامانیان وان لە زیندانەکانی پەیەدەدا.

بەرپرسی کۆمیتەی ئەنەکەسە لە ھەرێمی کوردستان (نەواف رەشید) راگەیاند، "لەئێستادا پەیەدە لە شەرمەزارییەکی گەورەدایە، چونکە بە خەڵکیان دەگوت پەیوەندیمان لەگەڵ رژێم ھەیە بۆ ئەوەی ئێوە سەلامەت بن و پارێزراو بن و بۆردوومان نەکرێن، کەچی دەبینین کە رژێم چیی بەسەر کورد دێنێت و بە فرۆکە و بۆردوومانەکانیان چۆن خەڵکی کورد دەبنە قوربانی، جگە لەوەش سەدان شەھیدیان داوە بۆ رزگارکردنی منبەج و نازانن چۆن بە کەسوکاری ئەو شەھیدانە بڵێن رۆڵەکانتان لە پێناو چیدا شەھید بوونە!، چی چ سودێکی بۆ کورد و ڕۆژئاوای کوردستان ھەبووە، جیا لەوەی بۆ عەرەب هەیبووە؟."

(نەواف رەشید) هەروەها بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی، "پەیەدە فرچکی بە دژایەتیی برا کوردەکانیان گرتووە، ئەوەتا رۆژانە سەرکردە و ئەندامانی ئێمە دەستگیر دەکات و تا ئێستا ١٢سەرکردە و ئەندامی ئێمە لە زیندانەکانی پەیەدەدان، ئاخر ئەمە کەی ڕەوایە؟."

ئەو دەڵێ، "دوو رۆژ لەمەوبەر ویستیان دوو ئەندامی دیکەی ئێمە دەستگیر بکەن، بەڵام رایانکرد و خۆیان گەیاندە سنوور و ھاتنە ھەرێمی کوردستان، نەبادا ئەوانیش بخرێنە زیندانەوە."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار