ئۆجەلان: سەردانی بارزانی مێژوویی دەبێت.. هاوكار دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئانكارا دەكات و لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیادا كۆدەبێتەوە. سیاسەتمەدارێكی كوردیش رایگەیاند، سەردانەكە لە كات و ساتی خۆیدایە و لەو سەردانەدا زۆر شتی گرنگ باس دەكرێن و هاوكار دەبێت بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی.
(عوسمان ئۆجەلان)، سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو سەردانە لە كاتێكی زۆر گرینگدا دەكرێت، لە توركیا كودەتا رووی دا و هەندێك كێشە و ئاڵۆزی هەنە، لەلایەكی دیكەوە لە رۆژئاوا و باشووری كوردستان شەڕ دژی داعش بەردەوامە، لە باكوور شەڕ لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیادا هەیە، بۆ چارەكردنی كێشەكان پێویستە هەندێك هەنگاوی سیاسی بنرێن، ڕێككەوتن لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا زۆر گرینگە بۆ ئەوەی كێشەكان چارە ببن، هەروەها لە باشوور باس لە دەوڵەتی كوردستان دەكرێت، ئەو سەردانەیش هەنگاوێك دەبێت بۆ ئەوەی دوو دراوسێی زۆر باش بین، بۆیە سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، سەردانێكی مێژوویی دەبێت و دەرگا بە رووی چارەكردنی كێشەكاندا دەكاتەوە ".
(ئۆجەلان) گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) لە كاتی خۆیدا هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی، ئێستایش هەوڵ دەدات ئەو پڕۆژەیە نوێ بكاتەوە و جارێكی دیكە باكووری كوردستان ئارامی بە خۆیەوە ببینێت، بۆ ئەوەیش پێویستە پەكەكە پشتگیری لە سەرۆكی هەرێم بكات و هاوكار بێت".
ڕابین شێروانی




